لە رۆژی زمانی دایک رۆمانی 'زمانبڕین' بڵاودەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

'زمان بڕین' رۆمانێکی فەرزین کەریم، نووسەر و رۆماننووسە و لە رۆژی زمانی دایک بڵاودەکرێتەوە، تێیدا مژاری زمانی لە باکووری کوردستان مژاری سەرەکی ئەم بەرهەمە ئەدەبییە.
 
فەرزین کەریم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'زمانبڕین' باس لە سەت ساڵ زیندانی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان دەکات، هەروەها زمان یەکێک لە ستراتیژیترین مژارەکانە کە کورد دەبێت گرنگی پێبدات، یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی کورد بە درێژایی مێژوو خودی زمانەکەیەتی. گوتیشی: "بەداخەوە ئەو گرنگییەی نابینین کە پێویستە بە زمان بدرێت چ لەلایەن کەسانی دەستەبژێرەوە و چ لەلایەن سیستەمەوە".
 
روونیشیکردەوە، ئەم بەرهەمە وەک چۆن تیشک دەخاتە سەر زمان، هەروەها دیدە مرۆڤییەکەش تێیدا زاڵە، رۆمانێکی مێژویی و مرۆڤییە و مەبەستییەتی نەک تەنیا بگاتە کورد، بەڵکەو بگاتە ئەو بەردەنگەی کە کوردستان لە چوار پارچەدا بەسەریدا دابەشبووە، هەروەها بەردەنگە بیناییەکش بیخوێنێتەوە.
 
رۆمانەکە لە 373 لەپەڕەی قەبارە مامناوەند بە تیراژی هەزار دانە لە چاپخانەی دانیشفەڕ چاپکراوە و نەخشەسازیی بەرگ و ناوڕۆکی لەلایەن شاخەوان جەعفەر کراوە و لەسەر ئەرکی نووسەر چاپکراوە.
 
ئەم بەرهەمە کاژێر 16:00 لە ناوەندی رۆشنبیری ئاشتی لە هەولێر، بە ئامادەبووانی نووسەر و ژمارەیەک رۆشنبیر بڵاودەکرێتەوە.