ئێلیسا: تووشبوونم بە شێرپەنجە لەدوای پەیوەندییەکی خۆشەویستی ئازار بەخش بوو

رووداو دیجیتاڵ

بۆ ئەوانەی هەوادارای ئێلیسا، هونەرمەندی لوبنانین و دەیانەوێت خۆشی و ئێش و ئازارەکانی ئەو هونەرمەندە بزانن، لە بەڵگەفیلمێکدا دەتوانن ئەو چیرۆکە ببینین و ببیستن.
 
بەڵگەفیلمەکە بەناوی 'It’s OK'یە و بڕیارە لە 25ـی کانوونی دووەمی 2023 لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوبکرێتەوە و وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوکردنەوەی، ترەیلەرەکەی بڵاوکرایەوە و چەند دیمەنێکی نەبینراو و تایبەتی ئەو هونەرمەندە لەخۆدەگرێت.
 
لەم بەرهەمەدا ئێلیسا باس لە ژیانی تایبەتیی و هونەرەکەی دەکات و چۆن بەهۆی هونەرەکەی و دەرکەوتنەکانی رووبەڕووی رەخنەی کۆمەڵگە بووەوە، تەنانەت رەخنە لە شێوە و رەفتارەکانی گیراوە.
 
لە بەشێکی دیکەی فیلمەکەدا باس لە تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە دەکات و هۆکارەکەی بۆ پەیوەندییەکی خۆشەویستی دەگەڕێنێتەوە و لە دیمەنێکدا دەست بە گریان دەکات.
 
'من اول دقیقة' یەکێک لە بەرهەمە سەرکەوتووەکانی ئەم دواییەی ئێلیسایە کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ سەعد لمجەرەد، هونەرمەندی مەغریبی و لە 2022 بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا و زیاتر لە 440 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
ئێلیسا، لە 27ـی تشرینی یەکەمی 1972 لە دایکێکی سووری لە لوبنان لەدایکبووە، لە 1998 بە ئەلبوومی 'بدی دوب' ناوبانگی پەیداکرد و بۆ ماوەی هەشت هەفتە ئەلبوومی پڕفرۆش بووە، لە 2002 بەهۆی بڵاوکردنەوەی سێیەم ئەلبوومی بەناوی 'عیشالك' ناوبانگی زیاتری بەدەستهێنا و بەهۆیەوە خەڵاتی مۆرێکس دۆری وەک باشترین هونەرمەندی عەرەبی بەدەستهێنا، لە 2004 لە رێگەی چوارەم ئەلبوومییەوە بەناوی 'ئەحلا دنیا' خەڵاتی میوزیکی جیهانی وەک پڕفرۆشترین ئەلبووم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پێبەخشرا.
 
ئەو هونەرمەندە سێ خەڵاتی میوزیکی جیهانی و شەش خەڵاتی مۆرێکس دۆری بەدەستهێناوە و زیاتر لە 30 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون، لە 2017 وەک دەوڵەتمەندترین هونەرمەندی عەرەب لەلایەن گۆڤاری 'فۆربێس'ـەوە دەستنیشانکرا و سامانەکەی بە 41 بۆ 48 ملیۆن دۆلار خەملێندرا.
 
چوار لە ئەلبوومەکانی ئەو گۆرانیبێژە لە لیستی بیلبۆرد بۆ ئەلبوومە پڕفرۆشەکانی جیهاندا هاتووە، لەوانەش ئەلبوومی 'حالة حب' کە لە 2014 لە ریزبەندی چوارەمی لیستەکەدا هاتووە.