رووداو دیجیتال
بەڵگەفیلمێکی سەهیم عومەر خەلیفە دەرهێنەری کورد، لەبارەی لەتیف عانی، فۆتۆگرافەری عێراقی، وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی دوکڤێلا هەڵبژێردراوە و لە بەشی فیلمە بەلجیکییەکانیش لە کێبڕکێدایە.
بەڵگەفیلمەکە بەناوی 'جوانیی شاراوەی عێراق'ـە، تێیدا باس لە لەتیف عانی و بەرهەمەکانی دەکات کە وێنەی زۆری لە باشووری کوردستان گرتووە، بە تایبەتیش سەرکردەکانی کورد، لەوانە مەلا مستەفا بارزانی، سەرۆک بارزانی و ئیدریس بارزانی.
فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی دوکڤێلا بە گرنگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمە لە بەلجیکا دەناسرێت و لە شاری لۆڤین لە 22-30ـی ئازاری 2023 بەڕێوەدەچێت و یەکێک لەو فێستیڤاڵانەیە کە براوەی فیلمی لیژنەی دادوەری، دەچێتە لیستی درێژی بەربژێرکراون بۆ خەڵاتی ئۆسکار.
'باوکی هونەری فۆتۆگرافی عێراقی' نازناوێکە خەڵک بە لەتیف عانیان داوە کە بە کامێراکەی ژیانی رۆژانەی لە عێراق و باشووری کوردستان تۆمارکردووە. فیلمەکە لە 2020 لە بەغداد و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە و ساڵێک دوای وێنەگرتنی، ئەو فۆتۆگرافەرە کۆچی دوایی کردووە و بە گشتی بەرهەمهێنانی پێنج ساڵی خایاندووە.
لەم بەرهەمەدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە و وێستگە گرنگەکانی ژیانی و لە بەشێکیدا باس لە پەیوەندی لەگەڵ کورد و تێڕوانینی بۆ کوردستان کراوە.
لەم بەرهەمەدا لاس بێلگاس بەرهەمهێنەری سەرکییە و لە نووسین و دەرهێنانی فیلمەکەدا هاوکاری خەلیفە بووە، هەروەها سۆمەریان بۆ بەرهەمهێنانی دراما لە عێراق و 'Faitesunvoeu' لە فەرەنسا بەرهەمهێنەرینە، جگە لە کەناڵی 'ART'ـی فەرەنسی و 12 کەناڵی دیکە بەرهەمهێنەری هاوبەشی فیلمەکەن.
لەتیف عانی، لە 18 تشرینی دووەمی 2021 لە تەمەنی 89 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەغداد کۆچی دواییکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ