دیۆر نوێترین دیزاینی جلوبەرگی زستانەی پیاوان دەخاتەڕوو

رووداو دیجیتاڵ

هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس بۆ جلوبەرگی زستانەی پیاوان بەردەوامە و براندی دیۆر نوێترین دیزاینەکانی بۆ جلوبەرگی زستانەی پیاوان خستەڕوو.
 
دیزاینەکان لەلایەن دیزاینەر کیم جۆنز ئامادەکرابوون و ئەو کۆلێکشنەی ریزگرتن بوو لە دیزاینەر ئیڤ سانت لۆران کە لە 1958 یەکەم کۆمەڵە دیزاینی خۆی بڵاوکردەوە، هەرچەند دیزاینەکانی لۆران بۆ ژنان بوو، بەڵام جۆنز بە سوودوەرگرتن لە بیرۆکەی دیزاینەکانی، دیزاینی بۆ جلوبەرگی پیاوان کردبوو.
 
نمایشەکە رۆژی هەینی 20ـی کانوونی دووەمی 2023 لە هۆڵی نمایشی تایبەت بە براندی دیۆر لە پاریس بەڕێوەچوو و ژمارەیەک ئەستێرەی نێوداری جیهان تێیدا ئامادەبوون، لەوانە دەیڤد بێکهام، یاریزانی پێشووی ئینگڵتەڕا، نائۆمی کامبێل، ئەکتەری بەریتانی و جەی هۆپ، ئەندامی گرووپی بی تی ئێسی کۆریای باکوور.
 
چالاکییەکانی هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس تایبەت بە دیزانی جلوبەرگی پیاوان لە زستاندا، لە 17 ئەم مانگە دەستیپێکرد و تاوەکو 22 مانگ لە پاریسی فەرەنسا بەردەوام دەبێت، تێیدا بەناوبانگترین براند و دیزاینەرانی جیهان دیزاینەکانیان پێشکێش دەکەن.
 
کۆمپانیای کریستیان دیۆر و لە جیهاندا زیاتر بە دیۆر ناسراوە، تایبەتە بە بواری جلوبەرگ و مۆدەی گرانبەها، لە 16 کانوونی یەکەمی 1946 لە فەرەنسا دامەزراوە، جگە لە جلوبەرگ، ئێکسسوارات، ماکیاژ، پێڵاو و جانتا بەرهەمدێنێت.
 
هەفتەی رابردوو، هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان بۆ زستانەی پیاوان لە میلانی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، تێیدا بەناوبانگترین براندە ئیتاڵییەکان بەرهەمەکانیان خستەڕوو.