چەند نهێنییەكی ژیانی ئەیاز زاخۆیی ئاشكرا دەكرێن

رووداو - زاخۆ
رۆژی 20-1-2017، 31 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد ئەیاز زاخۆیی تێدەپەڕێت. برایەكی ئەو هونەرمەندەش چەند نهێنییەكی ژیانی بۆ رووداو ئاشكرا دەكات.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو چووەتە گەڕەکی جووەکان، کە ئێستا گەڕەکی قەسابی پێدەڵێن و ئەیاز زاخۆیی، هونەرمەندی بەنێوبانگی كورد لەوێ لەدایکبووە.
ئەیاز زاخۆیی لە 20-1-1986 لە نەخۆشخانەی موسڵی سەربازی کۆچی دوایی کرد، رۆژێك دواتر تەرمەكەی گەڕێندرایەوە زاخۆ و لە زێدی خۆی بەخاکسپێردرا.
برایەکی ئەیاز زاخۆیی بۆ رووداو دەڵێت، ئەیاز بۆ هاوڕێکانی زۆر وەفادار بوو. "کاتێک لە سەربازی بوو، بوتڵیک خوێنی دەبەخشی بۆ ئەوەی 15 رۆژ مۆڵەتی بدەن و لە ئاهەنگی هاوسەرگیری هاوڕێیەکی ئامادەبێت، ئەو خوێنبەخشینەی چەندین جار دووبارەکردەوە لەپێناو هاوڕێکانی".
خەیری زاخۆیی، برای ئەیاز زاخۆیی دەشڵێت، هەر ئەو خوێنبەخشینەی ئەیاز بووە دەرفەتێک بۆ رژێمی سەدام کە ئەو ژەهراوی بکەن، ئەویش دوای گوتنی سروودی نەورۆز، رۆژی شەممە چووەتە نەخۆشخانە بۆ خوێنبەخشین و رۆژی دووشەممە کۆچی دوایی کرد.
ئەیاز زاخۆیی لەگەڵ خەیری برای لە قوتابخانەی ئەحمەدی خانی قۆناخی سەرەتایی و ناوەندی لە بەدرخان خوێندووە. پاشان چووەتە ئامادەیی كشتوكاڵی زاخۆ، دواتریش ناچاركراوە بچێتە سەربازی لە بەغدا.
لە سەرەتای ساڵانی 1980، ئەیاز زاخۆیی لە وێستگەی كوردی لە بەغدا گۆرانییەكانی تۆمار كردووە و خاوەنی 33 بەرهەمی تۆمارکراوە.
داڕشتنەوە: حەكیم داود