دۆن کیشۆت دەبێتەوە میوانی هۆلیوود

20-10-2016
پەسار فایەق
نیشانەکردن دۆن کیشۆت
A+ A-

رووداو – ئاژانسەکان

"دۆن کیشۆت" بە یەکێک لە شارکارە ئەدەبییەکان لە جیهاندا ناسراوە و تاوکو ئێستا وەک فیلمی سینەمایی، فیلمی ئەنیمەیشن، زنجیرەی تەلەڤزیۆنی، شانۆگەری و بالێ بەرهەمهاتووە
.

واڵت دیزنی، کۆمپانیای بەرهەمهێنانی سینەمایی، کاری بەرهەمهێنان بۆ کۆپی نوێی ئەو فیلمە سینەماییە دەکات، بەڵام ئەمجارەیان تەکنیکی پێشکەوتوو و کاریگەری دەنگیی و وێنەیی زۆر بەهێزی تێدا بەکاردەهێنرێت.

لە زنجیرە فیلمی سینەمایی "Pirates of the Caribbean" چەندین تەکنیکی پێشکەتووی سینەما بەرچاودەکەون، بۆیە بەرهەمهێنەرانی فیلمی "دۆن کیشۆت" بەنیازن بەشێک لەو تەکنیکانە لە فیلمەکەیاندا بەکاربێنن.

فیلمەکە لەلایەن گۆردن گرای کاری بەرهەمهێنانی بۆ دەکرێت، کە پێشتر کاری بەرهەمهێنانی بۆ چەند فیلمێکی سینەمایی سەرکەوتوو کردووە، لەوانە فیلمی " The Rookie".

بیلی رای رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەگێڕێت، کە پێشتر رۆڵی سەرەکی لە چەند فیلمێکی سینەماییدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی "The Hunger Games" و "Captain Phillips".

بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە لە قۆناغی ئامادەکردنی سیناریۆی فیلمەکەن کە لە رۆمانی "دۆن کیشۆت"ـی دی سێرڤانتس وەرگیراوە.

ئەمساڵ 400 ساڵ بەسەر رۆژی مردنی میگێل دی سێرڤانتس، نووسەری ئیسپانی و نووسەری رۆمانی "دۆن کیشۆت"ـدا تێدەپەڕێت، بەم بۆنەیەوە چالاکیی جیاجیای رۆشنبیری و هونەری لە شاری کالا دی هیناریس لە ئەسپانیا بەڕیوەدەچن کە شاری لە دایکبوونی ئەو نووسەرەیە.

"دۆن کیشۆت" باس لە سوارچاکێکی خەمبار دەکات کە نازناوی سوارچاکی خەمباری تاریکیی پێبەخشراوە و لە دوو بەش پێکدێت، بەشی یەکەمی لە ساڵی 1605 و بەشی دووەمی لە ساڵی 1615 نووسراوە.

دی سێرڤانتس، لە ساڵی 1616 کۆچی دوایی کردووە و تاوەکو ئەم دواییانە شوێنی بەخاکسپاردنی دیار نەبوو، بەڵام دواتر بەشێک لە روفاتی لە ژێرزەمینێک لە کڵێسای سالۆس لە مەدرید دۆزرانەوە.

رۆمانی "دۆن کیشۆت" –دۆن کیخۆت بە زمانی ئیسپانی-، بە یەکەم رۆمانی هاوچەرخی ئەوروپا دەناسرێت و بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان وەرگێڕدراوە، لەوانە زمانی کوردی.

لە ساڵی 2002، لە نەرویج، لیستی باشترین بەرهەمە ئەدبییەکانی جیهان دیاریکرا و بۆ ئەم مەبەستە 100 نووسەری ناوداری جیهان دەنگیان بۆیدا، تێیدا رۆمانی "دۆن کیشۆت" وەک باشترین رۆمان لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهاندا دەستنیشانکرا.

   

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە