دەنگبێژ تەها بۆزدەمیر: لەنێو ماڵباتەکەمدا تەنیا دایکم بە کوردی قسەی دەکرد

رووداو دیجیتاڵ

دەنگبێژ تەها بۆزدەمیر خەڵکی ناوچەی شاخێی شاری وانی باکووری کوردستانە، یەکێکە لە دەنگبێژە دیارەکانی باکووری کوردستان، هەرچەندە لە ماڵباتێک پەروەردە بووە، جگە لە دایکی هەموو ئەندامانی دیکەی ماڵباتەکەی بە تورکی قسەیان کردووە، بەڵام ئێستا بووەتە دەنگبێژێکی دیاری باکووری کوردستان. 
 
تەها بۆزدەمیر دەڵێت:" لەنێو ماڵباتەکەمدا تەنیا دایکم بە کوردی قسەی دەکرد، چونکە تورکی نەدەزانی، ئەو هانیدام بە کوردی گۆرانی بڵێم و پێی گوتم هەوڵبدە بە زمانی کوردی گۆرانی بڵێی، دایکم هاندەرێکی زۆرباشم بوو، ئەمە وای کرد دەست بکەم بە دەنگبێژی بەزمانی کوردی و لەو رێگەوە کولتوور و چاندی نەتەوەکەم بەزیندوویی بهێڵمەوە". 
 
بۆزدەمیر هەروەها دەڵێت: "هەرچەندە ئێمە لە منداڵییەوە تەنیا بەتورکی قسەمان دەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستی من بۆ زمانی کوردی بەهۆی دایکمەوە وایکرد، هەموو هەوڵێک بدەم بە زمانی کوردی دەنگبێژی بکەم، ساڵێکیش میوزیکم خوێندووە و لە ماڵی دەنگبێژانی ئامەدیش لەبارەی دەنگبێژییەوە راهێنانم کردووە".
 
تەها بۆزدەمیر لە کاتی بەشداری لە پۆدکاستی "دەنگێن ڤیانێ"، گوتی: "دەنگبێژی هونەرێکی زۆر تایبەتی باکووری کوردستانە، ئێستاش ئەو هونەرە بەزیندوویی ماوەتەوەو نەوە لەدوای نەوە بەردەوامی بە دەنگبێژی دەدەن، لە دیوەخان و بۆنە و یادەکاندا دەنگبێژی یەکێکە لە کارە هەرە لە پێشینەکان".
 
دەنگبێژ تەها بۆزدەمیرئاماژەی بەوەکرد، دەنگبێژی تەنیا ستران نییە، بەڵکو کولتوور و چاندە، لەرێگەی دەنگبێژییەوە داستانە دیرۆکییەکانی کورد بە زیندوویی ماونەتەوە، کە بەشێکن لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد، دەنگبێژی هونەرێکی باڵای گێڕانەوەیە، بەشێک لەو ناوە مەزنانەی لە مێژوودا رۆڵیان هەبووە، بەهۆی دەنگبێژییەوە بە زیندوویی ماونەتەوە.
 
کلیک بکە بۆ بیستنی پۆدکاستەکە