لە دوای پێشاندانی 'شاردنەوەی سەدام حوسێن' لە سینەماکانی جیهان لە کوردستانیش پێشاندەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، لە دوای پێشاندانی لە ژمارەیەک فێستیڤاڵ و سینەمای وڵاتانی جیهان، بڕیارە سبەی یەکەشەممە لە 21ـی تەمموزی 2024 لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان پێشانبدرێت.
 
پێشاندانی فیلمەکە لە 21 سینەما ئێمپایەر لە هەولێر، ستی سینەما لە سلێمانی و سینەمای دهۆک مۆڵ لە دهۆک دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، فیلمەکە چۆنیەتی شاردنەوەی و پێشاندانی فیلمەکە بە گرنگ بۆ بینەران دەبینێت، بۆ ئەوەی کۆتایی هەموو دیکتاتۆرێک ببینن.
 
شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر لەبارەی فیلمەکە بە رووداوی راگەیاند، فیلمەکە ئەوە پێشاندەدات کە سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق چ دیکتاتۆرێک بووە، بەڵام دەبیندرێت ئەو و سەرکردەکانی وەک ئەو کۆتاییەکەیان چۆنە.
 
پێشاندانی ئەم بەرهەمە لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە پێشاندانی لە سینەمای 13 وڵاتی عەرەبی لە 18 ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، لەو وڵاتانە، هەردوو وڵاتی تونس و مەغریب، پێشاندانی فیلمەکەیان پێشخست و لە جەژنی قوربان پێشاندرا.
 
ئیمارات لە دوای هەڵسەنگدانی فیلمەکە، پێشنیازی ئەوەی کرد، ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی 18 ساڵە بیبینن، بەڵام دیارکردنی ئەو تەمەنەی نەکردووەتە مەرج و وەک پێشنیاز بۆ بینەری هێشتووەتەوە، بۆیە ئەوانەی تەمەنیان 15 ساڵ بەسەرەوەیە دەتوانن بینەری فیلمەکە بن.
 
تاوەکو ئێستا بڕیار لەبارەی پێشاندانی فیلمەکە لە بەغدا نەدراوە و دەرهێنەری فیلم چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتیاری و شوێنەواری عێراقە.
  
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
 
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج بەرهەمی هێناوە.
 
بڕیارە ئەم بەرهەمە ئەم ساڵ لە تەواوی جیهان بڵاوبکرێتەوە و یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردام، یەکەم پێشاندانی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، لە جەدەی سعودیا بوو و لە چەندین وڵاتی ئەوروپی و عەرەبی پێشاندانی تایبەتی بۆ کراوە.