نەڤید زەردی نوێترین بەرهەمی لە تێکستی رەنج سەنگاوی بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند نەڤید زەردی، نوێترین بەرهەمی بەناوی "هەرگیز" لە تێکستی رەنج سەنگاوی و لە ئاوازی خۆی، بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاودەکاتەوە.
 
نەڤید زەردی تیزەری نوێترین بەرهەمی لە رێگەی رووداو بڵاوکردەوە و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ رووداو، هیوای خواست بەرهەمەکە بە دڵی هەوادارانی بێت و بتوانن یادگاریی خۆشی لەگەڵ تۆمار بکەن. هەروەها سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە بەرهەمەکانی.
 
ڤیدیۆکلیپی "هەرگیز" کاژێر 9:00ـی شەوی رابردوو 19ـی تەمموزی 2024 لە کەناڵی تایبەتی نەڤید زەردی لە یوتیوب بڵاوکرایەوە.
 
لە 13ـی شوباتی 2024، نەڤید زەردی ڤیدیۆکلیپی "دیاریی خودا"ـی بڵاوکردەوە کە لە تێکستی میرخان و لە ئاوازی خۆیەتی و زیاتر لە 588 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
لە سەرەتای 2024ـدا ئەو هونەرمەند بەرهەمێکی دیکەی لە تێکستی رەنج سەنگاوی و لە ئاوازی خۆی بەناوی "فێرت کردم" بڵاوکردەوە.
 
نەڤید زەردی گۆرانیبێژ و میوزیسیانی کورد، لە 2004ـەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لەسەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان ناوبانگی هەیە، چوار ئەلبووم و زیاتر لە 35 گۆرانی تاک و چەندین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردووەتەوە، تێکست و ئاوازی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد و بیانی داناوە. بە ستایلی پۆپ، رۆک، ھیپ ھۆپ بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە.
 
ڤیدیۆکلیپەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە ملیۆنان بینەریان هەیە، جگە لە کورد، بینەری بیانیشیان هەیە و کۆمێنت بۆ ڤیدیۆکلیپەکانی دەنووسن، ڤیدیۆکلیپی "کوردە" زیاتر لە 36 ملیۆن بینەری هەیە و لە کۆی گشتی ڤیدیۆکانی لە کەناڵەکەی کە ژمارەیان 72 ڤیدیۆیە، زیاتر لە 278 ملیۆن بینەریان هەیە.