لە سیئۆل بە رەنگی وەنەوشەیی یادی دامەزراندنی 'بی تی ئێس' دەکرێتەوە

20-06-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'بی تی ئێس'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە 10یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێک لە بەناوبانگترین گرووپە میوزیکییەکانی کەی پۆپ لە جیهاندا، بە بەکارهێنانی رەنگی وەنەوشەیی لە تاوەر، باڵەخانە و بینا گرنگەکانی سیئۆلی کۆریای باشوور، یادی دامەزراندنیی کرایەوە. 
 
تاوەری لۆت، تاوەری نامسان، دوورگەی سێبیتسیۆم و دۆنگ دەیمن دیزاین پلازا لەو شوێنانە بوون کە یادی ئەو رۆژەیان کردەوە.
 
هەر بەم بۆنەیەوە شەوی رابردوو 19ـی حوزەیرانی 2023، تەواوی باڵەخانە و شوێنە مێژوییەکانی ئەو شارە بە رەنگی وەنەوشەویی رازێندرابوونەوە.
 
هەر بەم بۆەیەوە، لە 16ـی حوزەیرانی 2023 گرووپەکە بەرهەمێکی نوێی بەناوی 'Take Two' بڵاوکردەوە، ناونیشانی گۆرانییەکە ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی چالاکییەکانی دەیەی دووەمی گرووپەکە و لە هەمانکاتتدا سوپاسێکە بۆ هەوادارانییان بۆ پشتگیریکردنیان.
 
ئەو گرووپە میوزیکییەی کۆریای باشوور، لە 2020 بە بڵاوکردنەوەی گۆرانی 'Dynamite'ـە ناوبانگییەکی جیهانییان بەدەستهێنا و بووە یەکەم گۆرانی کەی پۆپ کە لە پێشەنگی لیستی 'Billboard’s Hot 100'ـدا بێت.
 
ئێستا چالاکییەکانی ئەو گرووپە وەستاون، چونکە دوو لە ئەندامانیان لە خزمەتی ناچاریی سەربازیدان و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا ئەندامانی دیکەیشی بچنە خزمەتی سەربازییەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت تاوەکو 2025 ئەندامانی جارێکی دیکە پێکەوە کۆببنەوە و چالاکی پێشکێش بکەن.
 
'بی تی ئێس' گرووپێکی میوزیکی کۆریای باشوورە، لە حەوت ئەندام پێکهاتووە و لە 2010 لە سیئۆل دامەزراوە، ئەندامانی بریتین لە جین، سوگا، ج-هۆپ، ئاڕ ئێم، جیمین، ڤی و یۆنگکوک و ئێستا بە شێوەیەکی کاتی چالاکییەکانیان وەستاندووە.
 
یەکەم ئەلبوومی گرووپەکە لە 2013 بەناوی '2Cool 4 Skool ' بڵاوکراوەتەوە، ساڵی دواتر یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی کۆری بەناوی 'Dark & Wild' و یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ژاپۆنی بەناوی 'Wake Up' بڵاوکردەوە، دووەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Wings' لە 2017 بڵاوکردەوە و لەرێگەیەوە ناوبانگی جیهانیان بەدەستهێنا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە