لە فێستیڤاڵی فیلمی کان سێ فیلم لەبارەی یادەوەرییە لە بیرنەکراوەکان پێشاندران

20-05-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Monster' 'Homecoming' 'Occupied City' 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژانە لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، فیلمی فیلمسازانی وڵاتانی جیا جیا و بە ناونیشان و ناوەڕۆکی جیاواز پێشاندەدرێن، فێستیڤاڵەکە تاوەکو 27 ئەم مانگە، فیلم و مژاری زۆری لە هەگبەدایە.
 
'Monster' نوێترین فیلمی هیرۆلازۆ کۆری – ئیدا، دەرهێنەری ژاپۆنییە و لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدایە کە درامایەکی دوو کاژێر و شەش خولەکییە و لە کاتی پێشاندانی بینەر تاوەکو کۆتایی لە بەردەمیدا مانەوە، تەنیا دوو بینەر نەبن، لە هۆڵی سینەما چوونە دەرەوە.
 
بەشێک لە بینەران لە دوای بینینی فیلمەکە، لەو بڕوایەدان بەرهەمەکە لە رووی مژاری ناڕوونییەوە سەرەکەوتووە، بەڵام لە ئاستی فیلمی پێشووی 'Shoplifters'ـی دەرهێنەر نییە کە لە 2018 لە فێستیڤاڵی فیلمی کان خەڵاتکرا.
 
'Monster' یاخود 'دڕندە' یەکەم فیلمی کۆری – ئیدایە بۆ سینەمای ژاپۆن، ئەمەش لە دوای پێنج ساڵ کارکردن لە چوارچێوەی سینەمای کۆریادا.
 
لە فیلمەکەدا پیاوێک نییە بە کردەوە دڕندەیی ترس بخاتەڕوو، وەک ئەوەی لە ناونیشانی فیلمەکەدا دیارە، بە پێچەوانەوە؛ دەکرێت ئەو کوڕە بێت کە چەندین دیمەن لەبارەیەوە دەخولێنەوە، ئینجا بە ئامادەبوون و یاخود ئامادەنەبوونی بێت. فیلمەکە لە سێ بەشدایە: بەشێک لەبارەی دایک کوڕەکەیە کە بەدوای وەلامێک دەگەڕێت، دوای ئەوەی مامۆستاکەی سوکایەتی پێکردووە و پێیگوتووە: "تۆ مێشکی بەرازت هەیە"، لە هەمانکاتدا لێیداوە. لە بەشێکی دیکەدا، رووداوەکە لە تێڕوانینی مامۆستاکە دەخرێتەڕوو، لە دوایین بەشیشدا، رووداوەکە لە تێڕوانینی کوڕەکە خۆی باس دەکرێت. 
 

دەرهێنەر لە فیلمەکەیەدا هاوشێوەی ئاکێرا کوروساوا، دەرهێنەری ژاپۆنی لە فیلمە بەناوبانگەکەی 'Rashomon' بەرهەمی 1950، چیرۆکی فیلمەکەی لە چەند لایەکەوە خستووەتەڕوو، بەڵام کۆری – ئیدا پێچەوانەی فیلمەکە، لە چەندین دیمەندا دەقی بەسەر وێنەدا زاڵکردووە.
 
لە کاتی بینینی فیلمەکە، پرسیارەکە تاک و گەورەکە ئەوەیە، دڕندە لە چیرۆکەکەدا کێیە؟ رەنگە مابەست لێی ئەو رەفتارە رەشە بێت کە لە ناخی هەر مرۆڤێکدا هەیە. 
 
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا فیلمێکی دیکەی درامایی بەناوی 'Homecoming' هەیە کە لە دەرهێنانی کاسرین کۆرسینی، دەرهێنەری فەرەنسییە و باس لە پشووی خێزانێکی ئەفریقی دەکات، بەڵام لە پاڵ ئەرک و کاردا.
 
خدیجە، دایکی دوو کچە و ئەرکی چاودێریکردنی دوو منداڵی لە خێزانێکی سپی پێست لە دوورگەی کۆرسیکا پێ رادەسپێردرێت، لە دوای ئەو دایک و باوکیان گەشت دەکەن، ئەو ژنە رەشپێستەش خۆی خاوەنی دوو کچە، بە دەرفەتی دەزانێت لە پاڵ کارەکەیدا، لەگەڵ دوو کچەکەی پشوویەک لە دوورگەکە بەسەرببەن.
 
پێدەچێت ئەمە یەکەم گەشتی خەدیجە نەبووبێت بۆ دوورگەکە، بەڵکو دیمەنێک پێشان دەدات کە لە دوای کۆچی دوایی هاوژینەکەی بەر لە 15 ساڵ، لەگەڵ دوو کچە بچووکەکەی لەو دوورگەیە رادەکات، دواتر لە فیلمەکەدا، چیرۆکی ئەو ژنە دەخرێتەڕوو، بەڵام دەرهێنەر نایەوێت بەخێرایی زانیاری لەبارەی ئەو رووداوەی رابردوو بدات و بینەر تاوەکو کۆتایی بەو پەڕی پەرۆشییەوە دەهێڵێتەوە.

 

لە دەرەوەی پێشبڕكێدا فیلمی 'Occupied City' لە دەرهێنانی ستیڤ ماکوین، دەرهێنەری بەریتانی بەرچاو دەکەوێت کە پێشتر چەند فیلمێکی دیکەی گرنگی بەرهەمهێناوە، لەوانە فیلمی 'Shame' و 'Hunger'، هەروەها فیلمی '12 Years a Slave‬' کە براوەی خەڵاتی ئۆسکارە.  
 
فیلمەکە لە چوار کاژێر و 22 خولەکدا؛ چیرۆکی دۆخی ئەمستردامی داگیرکراو بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەلایەن ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی دووەمدا دەخاتەڕوو.
 
دەرهێنەر بۆ فیلمەکەی سوودی لە کتێبێکی هاوژینەکەی پیانکا ستیگتەر؛ بەناوی 'Atlas van een bezette stad : Amsterdam 1940-1945' وەرگرتووە، ستیگتەر، پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ فیلمێک بەناوی 'Three Minutes‪:‬ A Lengthening' کردووە و باس لە هۆڵۆکۆست لە دوو روانگەی هاوشێوەی یەکدی دەکات. 
 

چوار کاژیر؛ ئاڵنگارییەکە دەرهێنەر لەگەڵ بینەری دەکات، چونکە لەم سەردەمەدا سەختە بینەر بۆ ئەو ماوە زۆرە لە بەردەم فیلمێکدا بهێڵێتەوە، ئاڵنگارییەکی دیکە کە ئەو دەرهێنەرە کردوویەتی، پشت نەبەستن بە دیمەن و وێنەی ئەرشیفکراو، بەڵکو بەشێک لە دیمەنەکانی لەو شوێنە وێنەگیراون کە نزیکەی 60 هەزار جوویان بۆ شوێنی لە سێدارەدان گواستووەتەوە و بە گشتی فیلمەکە لە 130 شوێنی جیاواز وێنەگیراوە.
 
ئەمە شتێکی نوێ نییە کە بەرهەمێکی سینەمایی ماوەکەی هێندە زۆر بێت، پێشتر کلۆد لانزمان، دەرهێنەری فەرەنسی، فیلمێکی بەناوی 'Shoah' لە 1985 بەرهەمهێنا و ماوەکەی نۆ کاژێر و 40 خولەک بوو. 
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ کە ئێوارەی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023 لە شاری کانی کەناری دەریایی فەرەنسا دەستیپێکرد، تاوەکو 27ـی ئایار بەردەوام دەبن، یەکێک لە میوانە دیارەکانی هاریسن فۆرد، ئەکتەری ئەمریکی و جیهانییە، ئەمساڵ بە فیلمی 'Indiana Jones and the Dial of Destiny' بەشدارە کە بەشی پێنجەمی زنجیرە فیلمی 'Indiana Jones'یە.
 
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
 
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە