فیلمێکی ئەنیمەیشن سەرنجی هەموو دونیا رادەکێشێت

رووداو – ئاژانسەکان

فیلمی ئەنیمەیشنی Inside Out، کە بەرهەمی کۆمپانیای دیزنی-یەو باس لە ئافرەتێکی بچووک دەکات، سەرنجی تەواوی وڵاتانی دونیای لە 68-ەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمایی کان بە لای خۆیدا راکێشاوە.

ئەم فیلمە رۆژی دووشەممە، 18-ی ئایاری 2015 لە بەشی نمایشی تایبەتی فێستیڤاڵی سینەمایی کان لە وڵاتی فەرەنسا نمایشکرا و بووە جێی گرنگی سەرجەم ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە.

فیلمەکە لە مانگی داهاتوو دەچێتە سەر شاشەی سینەماکانی جیهان، بەڵام لە بەشی نمایشی تایبەتی فێستیڤاڵی سینەمایی کان لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا، چاوەڕێش دەکرێت لە دوای بڵاوبوونەوەی پێشوازییەکی گەورەی لێبکرێت و بێتە لیستی یەکەمەکانی بۆکس ئۆفیس.

ئەوە پرسیارەی لە نێو فێستیڤاڵی کان-دا، سەبارەت بەم فیلمە دەکرا ئەوە بوو کە "بۆچی لە پێشبڕکێی سەرەکی فێستیڤاڵەکە بەشدار نییە؟"، چونکە بەشیک لە سینەماکارانی ئامادەبوونی فێستیڤاڵەکە، پێیان وابوو کە ئەم فیلمە شایستەی خەڵاتی باشترینە.

بێت دوکتەر، دەرهێنەری فیلمەکە بە میدیاکان دەڵێ :"من هیچ جیاوازییەک لە نێوان فیلمی ئەنیمەیشن و فیلمی دیکەدا نابینم، بیرۆکەی ئەم فیلمەم لە گەورەبوونی کچە بچووکەکەمەوە بۆ دروستبووە".

68-ەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمایی کان، لە وڵاتی فەڕەنسا، لە رۆژی 13-ی ئایاری 2015 دەستیپێکرد و چالاکییەکانیش تاکو 24-ی ئایار بەردەوامیشی دەبێت، لە فێستیڤاڵەکەشدا جگە لە چەندین بەشی دیکە بۆ پێشبڕکێ، 19  فیلمی سینەمایی پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی گرنگترین خەڵاتی فێستیڤاڵەکە دەکەن، کە ئەویش خەڵاتی دارخورمای زێڕین.