فازڵ جاف: لە پێشانگەی کتێب ژمارەی پەرتووکە شانۆییەکان کەمن

رووداو دیجیتاڵ

فازڵ جاف، دەرهێنەری، نووسەر و وەرگێڕی شانۆیی، لە 16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب لەبارەی پرسی شانۆ، پەرتووکی شانۆیی و دۆخی شانۆ لە هەرێمی کوردستان، قسەی بۆ رووداو کرد.
 
بە بڕوای فازڵ جاف، لە نێو ئەو 1.5 ناونیشانەی لە پێشانگەکەدا بەرچاو دەکەون، ژمارەی پەرتووکە شانۆییەکان زۆر کەمن، بە تایبەتی دەقی شانۆیی بە زمانی کوردی هەر زۆر کەمە.
 
ئەو شانۆکارە کوردە، دەقی شانۆیی، یان پەرتووکە شانۆییەکان بەسەر سێ خانەدا دابەش دەکات، یەکەم: ئەو پەرتووکانەی لە بەشەکانی شانۆی پەیمانگە، زانکۆ و خوێندنی باڵا وەکوو توێژینەوەی زانستی دەنووسرێن و میتۆدی زانستی بۆ بەکاردەهێندرێت، دووەم: ئەو دەقە شانۆیانەی داهێنەرانەن، واتا توێژینەوەی زانستی نییە و لە زمانێکی دیکەش وەرنەگێڕدراون، بەشی سێیەم: ئەو دەقە شانۆییانەن کە لە زمانێکی دیکەوە وەردەگێڕدرێن. جا ئێمە وەکوو کورد لە هەر سێ خانەکەدا زۆر هەژارین و پەرتووکەکانمان لە پەنجەی دەست رەت نابن.
 
جاف، سەبارەت بەوەی بۆچی هێند لە وڵاتانی عەرەبی کار دەکات و پێشوازی لێدەکرێت، هێندە لە کوردستان لە بواری شانۆدا نابینرێت، گوتی: "لە کوردستان منیان ناوێت، گەر هەر بەشێکی شانۆیی لە کوردستانیش پێویستی بە من بێت، من ئامادەم بێ هیچ بەرانبەرێک خزمەتیان بکەم".
 
16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، لەلایەن دەزگەی مەدا بۆ میدیا، رۆشنبیری و هونەر بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رێکخراوە و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی پێشانگەکەیە.