رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی، ئەمساڵیش بە کڕینی دەیان کتێب، پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی لە هەولێر، بە ناونیشانی "بخوێنەوە... زیرەکیت دەستکرد نییە" کردەوە.
دوای گەڕان بە نێو پێشانگەکەدا لە وەشانخانەیەک نزیکەی 20 کتێبی ئەدەبی، مێژوویی و سیاسیی کڕی، وەشانخانەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون و دووەم ساڵە لە پێشانگەدا بەشدارن.
سەیران رازیە وەفا، بەڕێوەبەری وەشانخانەی کتێب، بە رووداوی راگەیاند: ئەو کتێبانەی سەرۆک بارزانی کڕیویەتی، بریتین لە "خەیامی هەژارانە"، "ناڵەی جودایی"، "مێژووی مەلا مستەفای بارزانی"، "سەرهەڵدان" و "جمهوری 1946 کوردستان"، هەروەها سەرجەم بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن و کۆمەڵێک کتێبی دیکەی لێرە هەڵبژارد.
گوتیشی: "گرنگترین هۆکاری ئێمە بۆ بەشداریکردن لە پێشانەگەکاندا ئەوەیە کە پەیوەندیمان لەگەڵ خوێنەرانی خۆمان هەبێت".
لە 16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، زیاتر لە 300 دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوە بە یەک ملیۆن و 500 هەزار کتێب بەشدارییان کردووە، جگە لە دەزگە کوردییەکان، دەزگەی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و بەشێکی وڵاتانی ئەوروپاش بەشدارییان کردووە.
ئاشتی شێرکۆ، خاوەنی کتێبخانەیە و لە پێشانگەکەدا بەشدارە و بە رووداوی راگەیاند: وەک ناوەندی ئاشتی لە هەولێر، بە کۆمەڵێک ناونیشانی تازە بەشداری 16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبیان کردووە. گوتیشی: وەک چۆن جەژنی رەمەزان رۆیشت و خەڵک چاوەڕێی جەژن بوون، خەڵک بۆ پێشانگەکەش بەپەرۆشبوون و جەژنێکە بۆ خوێنەران.
سۆنگول کزکین، خاوەنی وەشانخانەیە و لە پێشانگەکەدا بەشدارە و راگەیاند: وەشانخانەکەی ئێمە لە ئیستەنبووڵە هاتووە، بەڵام من لە ئامەد دەژیم و لە ئامەد هاتووم، نزیکەی 900 کتێبمان هێناوە و
لە پێشانگەکەدا کتێبی پەروەردەیی و گونجاو بۆ تەمەنی منداڵ و نەوجەوانان، بۆ کتێبخانەی قوتابخانەی گوندێکی چۆمانە بە ناوی قوتابخانەی پرژەی بنەڕەتی کچان کڕا، بۆ ئەم مەبەستە کۆمپانیای ڤیژن ئیدوکەیشن دوو ملیۆن دیناری بەخشیوەتە مامۆستایانی ئەم قوتابخانەیە.
شەماڵ ناوپردانی، یەکێک لە سەردانیکارانی پێشانگەکە بوو و بە رووداوی راگەیاند: بێگومان ئەوە کرانەوەی دەرگەی رۆشنبیرییە بەو ناوچە دوورە دەستانە، لە رێگەی ئەم کتێبانەوە دەتوانین تاکێکی هۆشیار درووستبکەن.
پێشانگەکە تاوەکو 27ـی نیسانی 2024 بەردەوام دەبێت و لە یەکەم رۆژدا پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا.
سۆلاڤ خەیرەدین، یەکێکی دیکە لە سەردانیکەرانی پێشانگەکە بوو و گوتی: تابلۆیەکی هۆنراوەم کڕیوە، بۆ کتێبیش بەتەمام ئێستا بیکڕم، هەمووی گەڕام جا ئێستا ئەوانەی لە مێشکم دامناوە دەیکڕم و لیستێکم درووستکردووە.
پێشانگەکە لەلایەن دەزگەی مەدا بۆ میدیا، رۆشنبیری و هونەر بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رێکخراوە و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی پێشانگەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ