پسپۆڕێکی خۆراک: شەونخوونی لە رەمەزاندا هۆکارە بۆ قەڵەوی

20-04-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن قەڵەوی، جەڵتەی دڵ مانگی رەمەزان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زۆر لەو کەسانەی قەڵەون مانگی رەمەزان بە هەل دەزانن بۆ ئەوەی کێشیان داببەزێنن، بەڵام یەکێک لە دیاردەکان لەو مانگەدا ئەوەیە بەشێکی زۆری خەڵک تاوەکو پارشێو ناخەون. پسپۆڕێکی خۆراکیش دەڵێت، شەونخوونی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ قەڵەوی.
 
د. کامەران رەسووڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی خۆراک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بە داخەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زۆربەی ئەو کەسانەی من بینیومن لە رەمەزاندا چەند کیلۆیەک کێشیان زیاد بووە. ئەوەیش بەهۆی هەندێک هەڵەی باو لە مانگی رەمەزاندا، وەک خواردنی رێژەیەکی زۆر شیرینی، شەربەتی گیراوە، شەونخوونی، خەوتن بە رۆژدا، کەمخواردنی سەوزە و میوە و وەرزشنەکردن."
 
ئەو پسپۆڕەی خۆراک ئاماژەی بەوە دا، وەرزشکردن و کاتەکانی خەو دوو هۆکاری سەرەکین و رۆڵی گرنگیان لە دابەزاندنی کێشدا هەیە. شەونخوونی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەڵەوی و زۆر نەخۆشیی دیکە، بە تایبەتی تێکچوونی هۆرمۆنەکان، وەک هۆرمۆنی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی. ئەگەر ئەو کەسە بڕێکی کەم خواردنیش بخوات، هەر ورگی دەمێنێت و دانابەزێت. گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ هۆکاری ئەوەن چەوریی لەش نەسووتێت. وەرزشکردنیش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ.
 
زۆر کەس کە رۆژوو دەگرن لە کاتی بەربانگدا رێژەیەکی زۆر شیرینی دەخۆن و بڕێکی زۆر شەربەت و ئاویش دەخۆنەوە.
 
د. کامەران رەسووڵ ژاژڵەیی گوتی: "رۆژووگر دەتوانێت رۆژووەکەی بە دەنکێک خورما یان هەر میوەیەکی دیکە لەگەڵ پەرداخێک ئاودا بشکێنێت و باشترە ئاوەکە زۆر سارد نەبێت بۆ ئەوەی گەدەی گرژ نەبێت، دوای ئەوەی نوێژی کرد دەتوانێت قاپێکی بچووک شۆربا یان زەڵاتە بخوات؛ هەمیشە پێویستە زەڵاتە پێش نانخواردن بخورێت."
 
بە گشتی لە هەرێمی کوردستان برنج و شلە خواردنی سەرەکییە و لە زۆربەی ژەمەکاندا لەسەر خوان ئامادەیە.
 
ئەو پسپۆڕەی خۆراک دەڵێت: "ناکرێت رۆژووگر هەموو رۆژێک برنج و شلە بخوات، دەتوانێت رۆژێک تەماتەی سوورەکراو و نان بخوات کە بە ئاردی بۆر کرابێت باشترە. ئەگەر کەسەکە لە رووی ئابوورییەوە بتوانێت، ئەوا هەفتەی دوو جار خواردنی ماسی زۆر باشە و سوودی تەندروستیی زۆرە. باشترە لەنێوان بەربانگ و تەراویحدا زەڵاتە یان میوە بخورێت، بەڵام میوەی وشککراو نەبێت، چونکە میوەی وشککراو وزەی زۆری تێدایە بە تایبەتی قەیسی، مێوژ و هەنجیر." 
 
بەشێک لەو کەسانەی کە قەڵەون لە مانگی رەمەزاندا وێڕای بەڕۆژووبوون بەشێکی زۆر لە خواردنەکان لە خۆیان دەگرنەوە بۆ ئەوەی زیاتر کێشیان داببەزێت.
 
د. کامەران رەسووڵ دەڵێت: "ئەوەی کە خواردن لە خۆت بگریتەوە و بڵێیت هیچ ناخۆم، ئەمە دیاردەیەکی نادروستە. گرنگ وایە جۆری ئەو خواردنەی کە دەخورێت دروست بێت و بتوانێت ئەوەندە وزەی بداتێ کە رۆژی دواتر چالاکییەکانی بکات. گرنگ ئەوە نییە کە کێشی داببەزێت، گرنگ ئەوەیە کە قەڵەو نەبێتەوە. خۆگرتنەوە لە خواردن نەخوازراوە، دەبێت خواردن کەم بکرێتەوە و لەسەرخۆ بخورێت و لە قاپی بچووکیشدا چێشت دابکرێت. هەروەها ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە کە هەندێک کەس دەڵێن بە ئاوخواردنەوە قەڵەو دەبم، کەس بە ئاوخواردنەوە قەڵەو نابێت."
 
ئەو کەسانەی بۆ دابەزاندنی کێش وەرزش دەکەن، مانگی رەمەزان بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی بڕێکی زیاتر لە کێشی لەشیان داببەزێنن.
 
د. کامەران رەسووڵ باسی لەوە کرد کە لە رەمەزاندا باشترین کات بۆ وەرزشکردن کاژێر و نیوێک پێش بەربانگە، چونکە لەو کاتەدا رێژەی شەکری لەش گەیشتووەتە کەمترین ئاست و چەوری بە باشی دەسووتێت. هەروەها دوو کاژێر و نیو دوای رۆژووشکاندنیش بۆ وەرزشکردن کاتێکی باشە. 
 
قەڵەوی یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە هەندێک لە نەخۆشییەکان و ئێستاکە لە جیهاندا خەڵکێکی زۆر هەوڵی دابەزاندنی کێشیان دەدەن، چ لە رێگەی وەرزشکردنەوە بێت چ لە رێگەی گرتنەبەری رجێمی خۆراکییەوە بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە