ویڵ سمیس لە بەشی دووەمی 'I Am Legend' رۆڵ دەگێڕێت

20-02-2023
نیشانەکردن 'I Am Legend' ویڵ سمیس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرهەمهێنەرانی فیلمی 'I Am Legend'، بەنیازی بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییەن و وەک بەشی یەکەمی، ویڵ سمیس رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی رابردووەوە ئەو ئەکتەرە تووشی سزا بووە.
 
پێشتر پلانی بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی فیلمەکە هەبووە و ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندایە و مایکل بی جۆردان رۆڵ تێدا دەگێڕێت.
 
بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی فیلمی 'I Am Legend' لە دوای تێپەڕبوونی 16 ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانی بەشی یەکەم بەرهەمدێت.
 
ئەم بەرهەمە باس لە کۆنترۆڵکردنی شار لەلایەن زۆمبییەکانەوە دەکات، تێیدا کەسێک لەگەڵ سەگەکەی لە شارەکەدا ماون، بە رۆژ بە ئازادی هاتووچۆ دەکەن، چونکە زۆمبییەکان توانای ئەوەیان نییە بێنە بەر خۆر و رووناکی، بەڵام زۆمبییەکان شەوانە جموجۆڵیان هەیە و هەر شتێک جوڵە بکەت هێرشی بۆ دەبەن.
 
بەشداری ویڵ سمیس، لە کاتێکدایە کە لە دوای زللـەیەکی لە کریس رۆک پێشکێشکاری ئۆسکار لە خولی رابردووی بەخشینی خەڵاتەکە دێت و بەهۆیەوە ناڕازیەیی زۆر دروستبوو و رەخنەی زۆری ئاڕاستەکرا.
 
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە ئەکشن و دراماییە لە 2007 بڵاوکرایەوە و بودجەی بەرهەمهێنانی 150 ملیۆن دۆلار بوو، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 585 ملیۆن و 410 هەزار بوو و داهاتی تەنیا لە سینەماکانی ئەمریکا و کەندا 256 ملیۆن و 393 هەزار دۆلار بوو.
 
چیرۆکی فیلمەکە لە رۆمانێک بە هەمان ناو وەرگیراوە کە ریچارد ماسیسۆن نووسەریەتی و لە 1954 بڵاوکراوەتەوە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر رۆبێرت نێڤڵ، زانای ڤایرۆسەکان لە سوپای ئەمریکا.
 
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای وارنەر برۆسە و لە 1994 گفتوگۆ لەبارەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە کرا، بەڵام بەهۆی سیناریۆکەی کە بودجەیەکی گەورەی پێویست بوو، پڕۆژەکە دواخرا، دواتر لە 2006 بڕیاری بەرهەمهێنانی لە نیویۆرک درا، تەواوی دیمەنەکانی لەو شارە وێنەگیراون، یەکێک لە دیمەنەکانی لەلایە پردی برۆکلین لەو شارە وێنەگیراوە و تەنیا ئەو دیمەنە تێچووەکەی پێنج ملیۆن دۆلار بووە.
 
ئەم بەرهەمە لە 14ـی کانوونی یەکەمی 2007 بڵاوکرایەوە و لەلایەن رەخنەگرانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
 
ویڵ سمیس، لە 25ـی ئەیلوولی 1968 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری سینەماییە و وەک راپەریش بەرهەمی هەیە، ئەو ئەکتەرە براوەی خەڵاتێکی ئۆسکار، چوار خەڵاتی گرامی و یەک خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبە، دووجار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە.
 
لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو ناوبانگییەکی زۆری وەک راپەر پەیداکرد، بەڵام ئەوکات ناوی فرێش پرینس بوو، دواتر لەرێگەی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'The Fresh Prince of Bel-Air' ناوبانگی پەیداکرد کە لە شەش وەرز پێکهاتبوو و لە 1990 تاوەکو 1996 بەردەوام بوو، دواتر رووی لە سینەما و لە چەند فیلمێکدا بەشداربوو.
 
ئەو ئەکتەرە لە 2014 وەک پڕداهاتترین ئەکتەر لە جیهاندا ناسێندرا و خاوەنی چەندین فیلمە کە داهاتیان لە سەرووی سەت ملیۆن دۆلارە.
 
لە 2006 گۆڤاری 'تایم' ناوی لە لیستی 'سەت کاریگەرترین کەسایەتی لە جیهاندا' بڵاوکردەوە، دوو ساڵ دواتر ناوی لە لیستی 75 کاریگەرترین کەسایەتی لە سەدەی 21ـدا هات، تاوەکو 2021 داهاتی فیلمەکانی زیاتر لە نۆ ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە.
 
سمیس، لە 2001 لەرێگەی فیلمی 'Ali' بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار کرا، تێیدا رۆڵی محەممەد عەلی کلای، یاریزانی بۆکسێنی گێڕا، دووەم فیلم کە بەهۆیەوە بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار کرا، وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی لە 2006 بوو، ئەویش لەرێگەی فیلمی 'The Pursuit of Happyness'.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە