لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین چیرۆکە جیاوازەکانی جیهان دەخرێنەڕوو

20-02-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Past Lives'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێلین سۆنگ، دەرهێنەری کۆری – کەنەدی، یەکەم ئەزموونی سینەمایی خۆی بەناوی 'Past Lives' لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین پێشاندا. 
 
فیلمەکە لە بەشی پێشبڕکێدایە و بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ورچی زێڕین کە خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەیە، لەگەڵ 17 فیلمی دیکەی لەسەرانسەری جیهاندا لە پێشبڕکێدایە.
 
'Past Lives' درامایەکە بە زمانی ئینگلیزی-کۆری و باس لە دوو هاوڕێی سەردەمی منداڵی دەکات، یەکێکیان وڵاتەکەی کە کۆریای باشوورەوە، جێدەهێڵێت، بەڵام دوای دوو دەیە لە نیویۆرکی ئەمریکا بە یەکدی شادەبنەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 19ـی شوباتی 2023 فیلمەکە لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین پێشاندرا و ستافی فیلمەکە بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
 
چالاکییەکانی 73یەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، لە 16-26ـی ئەم مانگە لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و لە 25 ئەم مانگە خەڵاتەکانی دابەش دەکرێن.
 
ۆن پێن، دەرهێنەر و ئەکتەری ئەمریکی، بە بەڵگەفیلمێک لە 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەشدارە و دوێنی هەینی 17ـی شوباتی 2023 بە ئامادەبوونی دەرهێنەرەکەی؛ لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندرا.
 
ئەو دەرهێنەرە ئەمریکییە کە لە دەستپێکی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، سەردانی ئۆکراینای کرد و لە بەرەکانی جەنگ بوو، بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕی.
 
لە 17ـی شوباتی 2023 بەڵگەفیلمی 'Superpower' لە دەرهێنانی شۆن پێن، ئەکتەر دەرهێنەری ئەمریکی لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندرا کە لە 2021 وێنەگرتنی دەستیپێکرد و بەشێکی تایبەتە بە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا.
 
پێن، بەهاوکاری لەگەڵ ئارۆن کاوفمان لە کیێڤ خەریکی وێنەگرتن بوون کاتێک رووسیا دەستی بە لەشکرکێشییەکەی کرد، لە 24ـی شوباتی 2022، پێن یەکەم چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیلینسکی ئەنجامدا.
 
لە سەردانێکی دیکەدا بۆ وڵاتەکە، پێن یەکێک لەو دوو خەڵاتە ئۆسکارەی بەدەستی هێناوە، بە زێلێنسکی بەخشی و پێی وت: "کاتێک سەرکەوتنت بەدەستهێنا، بیهێنەوە بۆ مالیبو".
 
پێن، دوو خەڵاتی ئۆسکاری باشترین ئەکتەری بەدەستهێناوە، لە 2003 بۆ فیلمی 'Mystic River' و لە 2008 بۆ فیلمی 'Milk'.
 
ئەو ئەستێرە هۆلیوودییە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەشداری لە چەندین هەوڵی مرۆیی و دژە جەنگی نێودەوڵەتیدا کردووە، ساڵی رابردوو لەلایەن زیلینسکییەوە خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا، هەروەها لەسەر رێڕەوێکی کیێڤ وێنەیەکی لەگەڵ ئەو کەسایەتییانە دانراوە کە هاوسۆزییان لەگەڵدا ئۆکراینا پێشانداوە.
 
فیلمی 'Superpower' لە دەرەوەی کێبڕکێی سەرەکیی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەشدارە کە ئەمساڵ 18فیلم تێیدا کێبڕکێ دەکەن.
 
فێستیڤاڵەکە بە بەرلینالە ناسراوە و ئەمساڵ رێزێکی تایبەت لە ئۆکراینا و ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەگرێت.
 
فیلمی درامایی 'Someday We'll Tell Each Other Everything' لە دەرهێنانی ئیمێلی عاتیف، دەرهێنەری فەرەنسی – ئیرانی رۆژی هەینی لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندرا. ئەو دەرهێنەرە سینەماییە بۆ پێشاندانی فیلمەکەی، لەگەڵ بەشێک لە ستافی فیلمەکەی لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
 
ئەم بەرهەمە دراماییە ئەڵمانییە، تێیدا هەردوو ئەکتەر مارلین بورۆ و فێلیکس کرامەر رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن و چیرۆکەکەی لە رۆمانێک بە هەمان ناو لە نووسینی دانیێلا کرین وەرگیراوە.
 
رووداوەکانی فیلمەکە لە هاوینی 1990 لە ئەڵمانیای رۆژهەڵاتی پێشوودا روودەدەن و باس لە ژنێکی گەنج دەکات کە پەیوەندی لەگەڵ جووتیارێک دەستپێدەکات کە دوو هێندەی تەمەنی خۆیەتی.
 
خولی ئەمساڵ جیاوازییەکی هەیە، ئەویش بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوە لە دەرهێنەرانی ژن کە 40٪ دەرهێنەرە بەشداربووەکانی ئەمساڵ پێکدێنن و فیلمەکەنیان پێشاندەدرێن.
 
یەکێک لە دەرهێنەرە ژنەکان، دەرهێنەری کورد ئایشە پۆلاتە کە بە بەڵگەفیلمی 'In The Blind Spot' بەشدارە و لە بەشی پێشبڕکێی 'ئەنکاونتەرس'ـی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەشدارە و رۆژی یەکشەممە 19ـی شوباتی 2023 پێشاندرا.
 
'In The Blind Spot' لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی ئەیووب 'ئازیز چاپکورت'، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.
 
مەمەد ئەکتاش، بە میدیاکانی راگەیاندووە، بۆ سینەمای کوردی مایەی دڵخۆشییە کە فیلمی خانمە دەرهێنەرێکی کورد لە بەرلینالە پێشانبدرێت و پێشبڕکێ لەگەڵ فیلمی دەرهێنەرە سەرکەوتووەکانی جیهان بکات.
 
ئەم بەرهەمە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە قەرس و بازیدی باکووری کوردستان وێنەگیراوە، کۆمپانیای 'میتۆس فیلم' بەرهەمهێنەری سەرەکییەتی و کۆمپانیای پۆنکت و کەناڵێکی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری هاوبەشن و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیای 'ئارت هوود ئینتەرتەیمنت'ـە.
 
لەلایەکی دیکەوە پۆستەری ئینگلیزیی به‌ڵگه‌فیلمی 'دەروازەی خەونەکان' لە دەرهێنانی نێگین ئەحمەدی و له‌ بەرهەمهێنانی ئیلاهه‌ نه‌وبەخت، هاوکات لەگەڵ به‌شداری له‌ بەشی رکابه‌ریی 'نەوەکان'ـی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین بڵاوکرایەوە.
 
'دەروازەی خەونەکان' لە دەرهێنانی نگین ئەحمەدی، فیلمسازی کورد، لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا و پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی بەشی 'نەوەکان' دەکات.
 
پۆستەری ئینگلیزیی فیلمەکە به‌ وێنەیه‌کی کچانی جەنگاوەری کۆبانێ لە خه‌بات دژی داعش؛ لە لایەن ئیحسان بەرئابادی بۆ بەشداریکردن لە بەرلیناله‌ دیزاین و داڕشتنی بۆ کراوە و بە ئامانجی ئاشناکردنی بینەران له‌گه‌ڵ ئەم به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ بڵاوکراوەتەوە.
 
بەرهەمهێنانی فیلمەکە زیاتر لە شەش ساڵی خایاندووە، چیرۆکی کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێڕاکەی دەچێتە ناو کچە شەڕڤانەکانی کۆبانییەوە؛ کچانێک کە نە تەنیا لە دژی داعش، بەڵکوو بۆ جیهانی خۆیانیش شۆڕشیان کردووە.
 
ئەمجارە، خودی فیلمساز و کامێراکەی لە رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ جیهانی دەورووبەری ژنانی خەباتکار و ئەو بایخانەی هاوڕێی دەبن کە شەڕی بۆ دەکەن.  
 
بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە، لە ئەستۆی رێکخراوەی سینەمایی 'تەسویر گوستەر ئیلاهەی پارسی' بە بەرپرسیارییەتی ئیلاهە نەوبەختەیە.
 
ئەمە سێیەمین ئامادەبوونی ئیلاهە نەوبەخت وەکوو بەرهەمهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین هەژمار دەکرێت؛ لە 2022 بە فیلمی سینەمایی 'رۆژی سێو' لە دەرهێنانی مەحموود غەفاری لە بەرلینالە ئامادەبوو. 
 
73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، بە پێشاندانی فیلمی 'She Came to Me' دەستیپێکرد کە ئێن هاسەوەی، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
 
هەر لەم بەرهەمە سینەماییەدا هەریەک لە پیتەر دینکلەیج و ماریسا تۆمێی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و بەشێک لە ستافی فیلمەکە بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
 
فیلمی 'She Came to Me' لە نووسین و دەرهێنانی رێبیکا میلەرە و باس لە ئاوازدانەرێکی ئۆپێرایی دەکات کە بە کێشەیەکی نەتوانین لە داهێناندا تێدەپەڕێت.
 
رێبیکا میلەر خاوەنی چەند فیلمێکی دیکەی سینەماییە، لەوانە ' The Ballad of Jack & Rose' لە 2005، 'Angela' لە 1995 و 'Maggie's Plan' لە 2015.
 
73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی نەوەکان، بەشی پێشبڕکێی فۆڕم، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پانۆڕاما، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی نمایشی سینەمای کلاسیک، لە رۆژانی 16 تاوەکو 26ـی شوباتی 2023 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1951 بەڕێوەچووە و بە یەکێک لە پێنج باشترین فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا رێز لە ستیڤن سپیلبێرگ، دەرهێنەری ئەمریکی تەمەن 75 ساڵ دەنرێت و خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵی وەک رێزێک لە تەواوی کارە هونەرییەکانی پێ دەبەخشرێت و بەشێک لە فیلمەکانی پێشاندەدرێن.
 
سپیلبێرگ، بە یەکێک لە کاریگەرترین فلیمسازان لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت و 14 جار بەربژیری خەڵاتی ئۆسکار بووە و دوو جار بەدەستی هێناوە، جگە لە کاری دەرهێنەری، نووسەر و بەرهەمهێنەریشە، دوایین فیلمی بەناوی 'The Fabelmans'یە و لە فیلمە بەناوبانگەکانی 'E.T.: The Extra-Terrestrial'، 'Schindler's List'، 'Saving Private Ryan'، 'Bridge of Spies'، 'Jaws' و  'Jurassic Park'.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە