لە لەندەن خەڵاتەکانی بافتا دابەشکران

20-02-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن بافتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمێکدا لە لەندەنی بەریتانیا، گرنگترین خەڵاتی هونەری لەو وڵاتە دابەشکرا، ئەویش خەڵاتی بافتایە بۆ بەرهەمە سینەمایی و تەلەڤزیۆنییەکان.
 
درەنگانی شەوی رابردوو خەڵاتەکان دابەشکران و فیلمی ئەڵمانی 'All Quiet On The Western Front' خەڵاتی بافتا بۆ باشترین سیناریۆی وەرگیرا، باشترین فیلمی بیانی، باشترین دەرهێنەر بۆ دەرهێنەرەکەی ئێدوارد بێرگە، باشترین میوزیکی وێنەیی و باشترین مۆنتاژی بەدەستهێنا و خۆی بەربژیری 14 خەڵات بوو.
 
کێری کۆندن، ئەکتەری ئێرلەندی، خەڵاتی باشترین ئەکتەری یاریدەدەری ژنی بە رۆڵی لە فیلمی 'The Banshees Of Inisherin' و باری کیۆنگ، ئەکتەری ئێرلەندی، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لاوەکی پیاوی لە هەمان فیلمدا بەدەستهێنا.
 
فیلمی 'The Banshees Of Inisherin' هەروەها توانی خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئۆرجیناڵ بەدەستبێنێت و فیلمی 'Elvis' خەڵاتی باشترین ستافی بەدەستهێنا.
 
خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن بۆ فیلمی 'Guillermo Del Toro’s Pinocchio'، خەڵاتی وێنەگرتنی فیلم بۆ 'Aftersun' و خەڵاتی باشترین ئیفێکتی تایبەت بۆ فیلمی 'Avatar: The Way Of Water' بوو.
 
خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکیی پیاو، بە ئۆستن باتلەر، ئەکتەری ئەمریکی بە رۆڵی لە فیلمی 'Elvis' و خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکیی ژن بۆ کەیت بلانچێت، ئەکتەری ئوسترالی بۆ رۆڵی لە فیلمی 'Tár' بوو.
 
لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بافتا، خەڵاتێکی تایبەت بە فیلمی بەریتانی تەرخانکراوە، ئەمساڵ خەڵاتەکە بە فیلمی ' The Banshees of Inisherin' بەخشرا.
 
باشترین بەڵگەفیلم، خەڵاتێکی دیکەی نێو رێوڕەسمەکە بوو کە ساڵانە دەبەخشرێت و ئەمساڵ بە بەڵگەفیلمی 'Navalny' بەخشرا.
 
بەر لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی بافتا، ئەستێرەکانی سینەما بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین و وێنەی یادگارییان تۆمارکرد.
 
بێگومان دەرکەوتن لەو بۆنانەدا بۆ هونەرمەندان هێندە ئاسایی نییە، بەڵکو هەوڵدەدەن بە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین شێوە لەسەر فەرشی سوور دەربکەون.
 
هونەرمەندان بۆ ئەم جۆرە چالاکییانە پەنا بۆ بەناوبانگترین و گرنگترین دیزاینەر و براندە جیهانییەکانی بواری جلوبەرگ دەبەن بۆ ئەوەی جلەکانیان بۆ دیزاین بکەن.
 
خەڵاتەکانی ئەکادیمیای بەریتانی بۆ فیلم کە بە بافتا دەناسرێت، بە گرنگترین خەڵاتی سینەمایی لە بەریتانیا دەناسرێت، یەکەم خولی دابەشکردنی خەڵاتەکانی لە 29ـی ئایاری 1949 بەڕێوەچوو.
 
رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە سەرەتا لە سینەمای ئۆدیۆن بەڕێوە دەچوو، لە 2008 بۆ ماڵی ئۆپێرای شاهانە گوازرایەوە، لە 2017 بۆ رۆیال ئەلبێرت گوزرایەوە و بەخشینی خەڵاتەکە سەرەتا لە مانگی نیسان و ئایار بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە 2001ـەوە لە مانگی شوبات بەڕێوە دچێت.
 
رێکخەرانی خەڵاتەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئامانجیان لە بەخشینی خەڵاتەکە، بۆ پاڵپشتی و گەشەپێدانی شێوەکانی هونەریی وێنەی جوڵاوە.
 
خەڵاتی بافتا لە شێوەی دەمامکی شانۆییە و لەلایەن میتزی کۆنلف، پەیکەرسازی ئەمریکی دیزاینکراوە و بە گرنگترین خەڵات لە بواری سینەما، لە دوای هەردوو خەڵاتی ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆب هەژمار دەکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە