تابلۆیەکی پیکاسۆ بە نرخی 50 هەزار دۆلار لە ئەمریکا دزرا

رووداو-هەولێر

لە گالێری میلواوکی لە ویلایەتی ویسکەنسن تابلۆیەکی پابلۆ پیکاسۆ کە نرخەکەی بە 50 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لە رۆژی هەینییەوە دیارنەماوەو خاوەنەکەی دەڵێت دزراوە.


بیڵ دیلیند کە تابلۆ بەهادارەکان هەڵدەگرێت و لە گالێرییەکان نمایشیان دەکات دەڵێت، لە رۆژی هەینییەوە ئەو تابلۆیەی پابلۆ پیکاسۆ کێشاویەتی و مێژووەکەی بۆ ساڵی 1949 دەگەڕێتەوە، دیارنەماوە.

دیلیند دەشڵیت، لەوانەیە لەکاتێکدا ئەوان لە نهۆمی دووەمی گالێرییەکە سەرقاڵ بووبن، کەسێک دەرگای باڵەخانەکەی کردبێتەوەو تابلۆیەکەی بردبێت. ئەوەی جێگای تێبینی هێزە ئەمنییەکانە، گالێرییەکە هیچ کامێرایەکی چاودێری نییە.

پیکاسۆ لەکاتی خۆی تەنیا 30 تابلۆی کێشابوو ئەمەیان بەر لە دزینی نرخی 50 هەزار دۆلاربوو. بە نرخترین تابلۆی پیکاسۆ لەساڵی 1932 بە بڕی 106 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار فرۆشرا.