بەڤیدیۆ: فەرهاد پیرباڵ و ژنە نوێیەکەی لە رووداو

رووداو - هەولێر

هاوسەرگیری دکتۆر فەرهاد پیرباڵ لەگەڵ ئاڵای تەمەن 23 ساڵ، لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێک بوو لە پڕ خوێنەرترین هەواڵەکانی پۆرتاڵی رووداو، ئەو کاتەی ناوبراو بە رووداوی گوت:" ئەشق و خۆشەویستی وای لێکردووم لەگەڵ کچێکی تەمەن 23 ساڵ هاوسەرگیری بکەم".

ئاڵا، 30 ساڵ لە دکتۆر فەرهاد منداڵترە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی وروژاندنی بابەتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

فەرهاد پیرباڵ دەڵێت:" من ئاڵام خۆشویستووە، هیچ لە قانوون و دابونەریتیش لام نەداوە". دەشڵێت "بەشەرع و قانوون ئاڵام لە خۆم مارەکردووە".

هاوسەرەکەی پیرباڵ دەڵێت " فەرهاد پیرباڵ جیاواز لە زۆرینەی خەڵک بیر دەکاتەوە، بەڵام نازانین لە داهاتوو چی روودەدات، بەڵام باوەڕناکەم ژیانم لەگەڵ فەرهاد پیرباڵ قورس بێت".

ئەو نووسەر و رۆشنبیرە کوردە، زۆر بوێرانە لەبەردەم کامێرای رووداو باس لە خۆشەویستی خۆی دەکات بۆ هاوسەرە نوێکەی و بوێرانە'ماچی دەکات'. ئەو دەڵێت:" با کۆمەڵگا فێری ئەشق و خۆشەویستی بن، لێرە ژنکوشتن ئاساییە، بەڵام خۆشەویستی عەیبە".

ئاڵا تەمەنی 23 ساڵە و خەڵکی شاری هەولێرە، قوتابی بەشی یاسایە لە زانکۆی حەیات لەو شارە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی ئەوە دەکرێت گوایە، ئاڵا قوتابی فەرهاد پیرباڵ بووە، بەڵام ئاڵا دەڵێت، "من قوتابی فەرهاد پیرباڵ نیم و نەبووم، من بۆ یاسا دەخوێنم و ئەو لە کۆلێژی هونەر وانە دەڵێتەوە".