کاروان حەمید حەلاق ڤیدیۆکلیپێک لەبارەی عەلی عاشق بەرهەم دێنێت
رووداو دیجیتاڵ
کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندێکی کوردە و دانیشتووی هۆڵەندایە و بۆ پڕۆژەیەکی هونەری سەردانی باشووری کوردستانی کرد و ڤیدیۆکلیپێک لەبارەی عەلی عاشق بەرهەم دێنێت کە بەهۆی نەگەیشتنی بە خۆشەویستەکەی ژیانی تەنیایی هەڵبژارد.
بەرهەمەکە لە دەڤەری سۆران و هەورامان وێنەگیراوە و بڕیارە لە ساڵی ئایندە بڵاوبکرێتەوە، تێیدا کاروان حەمید جگە لەوەی وەک گۆرانیبێژ و ژەنیار تێیدا بەشدارە، رۆڵی عەلی عاشقیشی تێدا دەگێڕێتەوە و قژ و ریشی سپی کردووە.
کاروان حەمید حەلاق، میوانی بەرنامەی نووڕۆژ بوو و لەبارەی تێکستی گۆرانییەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تێکستەکەی بۆ دوو منداڵەکەی نووسیوە کە بە نەخۆشی کۆچی دوایین کرد و هەر بەو هۆیەوە کوردستانی جێهێشت و لە ئەوروپا دەژی.
گوتیشی، بە پێویستی نەزانی دیسان بەرهەمێکی دیکە لەبارەی دوو منداڵە کۆچکردووەکەیەوە بەرهەمبێنێت، لەبەر ئەوەی تێکستەکە لەگەڵ چیرۆکی عەلی عاشق نزیک بوو، بۆیە بڕیاریدا تێکستەکە بۆ ئەو عاشقە بکاتە گۆرانی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بۆ ئەوەی رۆڵی عەلی عاشق لە ڤیدیۆکلیپەکەدا بگێڕێت، بۆ ماوەی شەش مانگ ریش و سمێڵی هیشتووەتەوە.
لەم بەرهەمەدا سێ هونەرمەند بەناوی کاروان بەشدارن، ئەویش کاروان حەمید حەلاق، کاروانی باڵەبان و کاروانی نەی.
کاروان حەمید، ژەنیاری شمشاڵ و ئامێرە فودارەکانی دیکەیە و وەک گۆرانیبیژیش بەرهەمی هەیە، لە نووڕۆژ چەند پارچە میوزیکێکی پێشکێش بە بینەران و بیسەرانی رووداو کرد.
ئەو هونەرمەندە کوردە، لە 2016 پارچە میوزیکێکی بەناوی 'هەژان' بڵاوکردەوە و پێشکێش بە رۆحی دوو منداڵە کۆچکردووەکەی کردووە.
2022 ساڵێکی پڕ لە چالاکی بوو بۆ هونەرمەند کاروان حەمید حەلاق و لە چەند کۆنسێرتێکی ئۆرکێسترای فەنفارای هۆڵەندی بەشداربوو بە جلوبەرگی کوردییەوە گۆرانی کوردی لە کۆنسێرتەکانیدا لە هۆڵەندا پێشکێشکردوو.
دوایین بەرهەمی ئەو هەنەمەندە کوردە بەناوی 'ئاخێک بۆ نیشتمان' بوو کە بەرهەمێکی لاوک و حەیرانە و هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدارن و بۆ یەکەمجار لەرێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە.
ئەم بەرهەمە لە تێکستی کاروان حەمید حەلاقە و تێکهەڵکێشێکە لەگەڵ شیعرێکی وەفایی، شاعیری کورد و لە 30 کانوونی یەکەمی 2022 بڵاوکرایەوە.