فیلمێک ئەنجلینا جۆلی دەباتە نێو دنیای ئۆپێرا


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجلینا جۆلی، ئەکتەری ئەمریکی، بۆ پێشاندانی نوێترین فیلمی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لەندەن بەشدارە و لەگەڵ دەرهێنەری فیلمەکەی ئامادەی فێستیڤاڵەکە بوو. 
 
"Maria" بەرهەمێکی نوێی سینەماییە و جۆلی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، ناوەڕۆکی لەبارەی ژیانی یەکێک لە بەناوبانگترین ئۆپێرابێژەکانە بەناوی ماریا کاڵاس.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی پابلۆ لاراین، دەرهێنەری چیلییە، لە جۆری دراما مێژووییەکان و بایۆگرافییەکانە، ماوەکەی دوو کاژێر و چوار خولەکە.
 
ئەنجلینا جۆلی، بۆ رۆڵگێڕانی کارەکتەری ماریا کاڵاس، راهێنانی زۆری لەسەر گۆرانیگوتن کردووە و دەڵێت، دوای تەواوبوونی فیلمەکە، ئێستاش گۆرانی بۆ خۆی دەڵێت.
 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو لەو بڕوایەدا نەبوو بتوانێت گۆرانی بڵێت، رۆڵگێڕان لە فیلمەکەدا وەک چارەسەرییەک بووە بۆ دەنگی. چونکە بۆ ماوەیەک بوو بە دەنگێکی بەرز گوزارشتی لە شتەکان نەکردبوو. 
 

پابلۆ لاراین، لەبارەی بەشداری جۆلی لە فیلمەکەدا گوتی، بەر لە نووسینی سیناریۆی فیلمەکە لەو ئەکتەرە نزیکبووەتەوە. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەندێ جار هەندێ پڕۆژە هەن، زۆر تایبەتن بە هونەرمەندانێکی دیاریکراو، ئەمەش ئەزموونیەتی لەگەڵ ئەو فیلمە. لەبارەی جۆلی گوتیشی: "نازانم چی روویدەدا ئەگەر بیگوتبا نا". 
 

ئەم بەرهەمە سینەماییە رۆژی هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024 پێشاندرا. مانگی ئابی ئەمساڵ، لە 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس پێشاندرا و ئەو ئەکتەرە جیهانییە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و بە چاکەت، ئێلەگ و پانتۆڵێکی رەش بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕی.
 

68ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لەندەن، لە 9ـی تشرینی یەکەم 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو سبەی یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
 

ماریا کاڵاس ئۆپێرابێژیکی ئەمریکی - یۆنانییە، لە 2ـی کانوونی یەکەمی 1923 لە نیویۆرکی ئەمریکا لەدایکبووە، لە 19ـی ئەیلوولی 1977 کۆچی دواییکردووە، بە یەکێک لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین ئۆپێرابێژەکانی سەدەی بیستەم دەناسرێت. یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە بەرهەمەکانی پڕفرۆشترینن. 
 
بەهۆی دابەزاندنی کێشی لە نێوەڕاستی ژیانی هونەرییدا، کاریگەری لەسەر دەنگی دروستکرد و سەرەتایەک بوو بۆ کزبوونی ناوبانگییەکەی.