ئەمیر غولامی: ئەو خەڵاتانەی ئێمە وەریاندەگرین هیچ نرخیان نییە

19-10-2018
لیزا محەممەد
نیشانەکردن فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی
A+ A-

رووداو-سلێمانی

ئەمیر غولامی، دەرهێنەری ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە فیلمی "زەریا شەپۆل شەپۆل دەهەژێ " بەشداریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلیمانی کرد. فیلمەکەی ئەمیر چەندین خەڵاتی بردووەتەوە، فیلمەکەی باسی جەنگ دەکات و تێیدا رەئووف محەممەدی رۆڵی  کەسێک دەبینێ کە لەسەر دەریا دەژی و بۆ مردووەکانی جەنگ تابووت دروستدەکات، ئەم فیلمە پێشتر خەڵاتی باشترین سیناریۆی لە ئێران وەرگرتووە.


ئەمیر غوڵامی لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەی سلێمانیدا لەبارەی "سینەمای کوردی" قسەی بۆ (رووداو) کرد و گوتی کە لە کورستان "وەک پرۆسەیەکی  هونەری بیر لە سینەما نەکراوەتەوە.. ئێمە تەنیا بەشی رۆژێک و ساڵێک بیردەکەینەوە، بیر لە 30 ساڵی دیکە ناکەینەوە، هۆکاری ئەمەش دروستنەبوونی زەمینەیەکی سینەماییە کە هەموو لایەنە  پەیوەندیدارەکانی سینەما بێنە ناوی، لەوانە دەسەڵات، زانکۆ، میدیا، نمایش و نواندن، من هەر خۆم بەتەنیا فیلم دروست دەکەم و بەرهەمی دەهێنم لە کاتێکدا ئەمە پێویستی بە زەمینەیە، ئەرکی دەوڵەتە کە پێداویستیی سینەما دروست بکات، تەنیا دروستکردنیشی بەس نییە، پێویستە فیلمی تێدا نمایش بکرێت، فیلمت نییە پێویستە دروستی بکەی، پێویستە دەرهێنەر هانبدەیت بۆ بەرهەمی زیاتر، پێموایە تا ئەو زەمینەیە دروست نەبێت، سینەمای کوردی هەر بەمجۆرە بەردەوام دەبێت ". 

غوڵامی دڵخۆش نییە بەو خەڵاتانەی فیلمە کوردییەکان لە فێستیڤاڵەکاندا وەریدەگرن "سەیری ئەوە مەکەن کە ساڵانە ئێمە خەڵات دەکرێین. هیچیەک لەو خەڵاتانە نرخیان نییە، بۆ نرخیان نییە؟ چونکە هەرخۆی ئەو خەڵاتانە گەورە نین، رەنگە لە تەواوی مێژووی سینەمای کوردی ئێمە خاوەنی چەند خەڵاتێکی دیار نەبین، هەرچەندە سوپاسی بەهمەن قوبادی و یەڵماز گۆنەی دەکەم بۆ خەڵاتەکانیان، بەڵام دەرهێنەر هەیە لە نیکاراگوا خەڵاتی بەدەستهێناوە، ئەمە شتێکی مەزن نییە، بۆیە خەڵاتەکان بێ نرخن، چونکە ئێمە بینەری کوردمان دروستنەکردووە، بینەری کورد پێی خۆشە سەیری فیلمێکی ژێرنووسی ئینگلیزی بکات وەک لەوەی سەیری فیلمێکی کوردی بکات، لەبەرئەوەی تۆ بینەرێکت دروستنەکردووە  بینەری فیلمی کوردی بێت، لەبەر ئەوەی من نەهاتووم بانگتان بکەم، نمایش بکەم ، فیلمتان پێشکەش بکەم، بەڵکو چوومەتە فەرەنسا و داوام لە خەڵکی فەرەنسا کردووە بێن فیلمەکەم ببینن و خەڵاتێکم بدەنێ و بێمەوە بڵێم من خەڵاتم بەدەستهێنا و کەسێکی گەورەم".  

غوڵامی بۆ سەرپێخستنی سینەمایەکی راستەقینە ڕای وایە کە دەبێ پلان بۆ 30 ساڵی دیکە  دابنرێ "ئێمە دێین لە فێستیڤاڵەکاندا بەشداری دەکەین و پارەیەکی زۆر خەرج دەکەین و دواتر دێینەوە خاڵی سەرەتا، وەک ئەوەیە هێڵێکی شەمەندەفەر دروستبکەیت، بەڵام شەمەندەفەرت نەبێ بەسەریدا بڕوات، بزمارداکوتینی ساڵانە شەمەندەفەرەکە ناخاتەڕێ. لە کۆریا تا ساڵی 1995 نزیکەی 60% ی ئەو فیلمانەی دەبینران و نمایشدەکران فیلمی دەرەکی بوون، بەڵام کۆریا بریاری دا لەماوەی بیست ساڵدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، ساڵی 2010 کارێکی کرد 60% ی بەرهەمەکانی ئاسیا کۆری بوون". 

غوڵامی رەخنەی لە چیرۆکی چەندبارەبووی فیلمە کوردییەکانیش هەیە و دەڵێت ئەوانەی کاری فیلم دەکەن بازنەیەکیان بۆ خۆیان کێشاوە، لەنێو ئەم بازنە دەخولێنەوە و دەترسن لێی بێنە دەرەوە، بۆنموونە وا بیردەکەنەوە کە مادام فێستیڤاڵی کان خەڵاتی بەخشیوە بە فیلمەکەی بەهمەن قوبادی، گەر منیش فیلمێکی وەک ئەوەی بەهمەن بەرهەمبێنم رەنگە خەڵات ببەمەوە، ئەمە خۆی نییە، تەنیا لەبەرگرەوەیە، ئەمە لە بازنەکەدا دیلە، دووەم هۆکار ئەو کەسانەی کە کاری سپۆنسەری دەکەن بەهەمان جۆر بیردەکەنەوە، سپۆنسەری فیلمێک دەکەن هاوشێوەی ئەو فیلمانە بێت کە خەڵات دەبەنەوە، بەدوای شتی نوێدا ناگەڕێن، بەمە دەگوترێت یەک دەنگی، لە سەرەتای هەر فیلمێکەوە ئێمە هەموو رووداوەکان دەزانین و دەزانین لەکۆتاییدا چی دەگوزەرێت، تا کاتێک کە فرەدەنگی نەیەتە نێو سینەمای کوردی ئەو دووبارەییە چارەسەر نابێت".

ئەو سەبارەت بە نێوەڕۆکی فیلمەکانی خۆی دەڵێت: "من خۆشحاڵم کە هەردوو فیلمەکەم بە ستایلێکی تایبەت و جیاواز بوون لە سینەمای کوردی، من جەنگم نەفی کردووە، جەنگ دەتوانێت هەم کەرکووک بێت، هەم شنگال و هەم کۆبانێ بێت، کێشەیەکی دیکەمان ئەوەیە بیر لە جەنگی سی ساڵی دیکە ناکەینەوە، تەنیا بیر لە یەک جەنگی تایبەت دەکەینەوە، بۆنموونە فیلم هەیە بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخانکراوە سەبارەت بە شەڕی کەرکووک، بەڵام سبەی جەنگی شنگال روودەدات، فیلمەکەی ئەو سوودی نابێت بۆ دۆخی شنگال، لەبەرئەوەی تایبەتی کردووە بە شارێک، گشتگیر نین، فیلمی کوردی تام و بۆنی دۆکیومێنتاری هەیە، چیرۆک نییە، دۆکیومێنتارە و شێوەی چیرۆکی پێ بەخشیوە".

ئەمیر غوڵامی

- ساڵی 1984 لە بۆکان لەدایکبووە
- ماستەری هەیە لە سینەما
- لە دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی خەڵاتی باشترین دەرهێنەری وەرگرت
- ئەمساڵ بە فیلمی "زەریا شەپۆل شەپۆل  دەهەژێ" بەشداری فێستڤاڵەکەی کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە