“شەرەفی كورد” باشترین خەڵاتی ئەوروپی وەردەگرێت

رووداو- ڤێنیسیا

 لە ناوچەیەكی باشووری رۆژهەڵاتی توركیا، دیلانی تەمەن 22 ساڵ تەنیا لەبەرئەوەی كوڕێكی لە گوندێكی دراوسێی گوندەكەی خۆیان خۆشویستووە، دەبێتە قوربانیی كوشتن لە پێناوی پاراستنی شەرەف. ئەوە ناوەڕۆكی كورتە فیلمێكی كوردی- بەلجیكی دەرهێنەری كورد بولەنت ئۆزتورك بوو لە ژێر ناوی “خانوویەك و پەنجەرە بچووكەكانی”.

 ئەم فیلمە لە حەفتاهەمین فێستڤاڵی فیلمی ڤینیسیا خەڵاتی باشترین كورتە فیلمی وەرگرت. بولەنت گوتی “هیوادارم بەهۆی ئەم فیلمەوە تیشك بخەمە سەر ژیانی هەزاران كچ كە بوونەتە قوربانیی كوشتن لە پێناوی شەرەف، ئەو كچانەی بە زۆر بەشوودەدرێن”.

مزگین موژدە ئەرسەلان، فیلمساز و رەخنەگری بواری سینەما پێیوایە ئەو دەرهێنەرە بابەتێكی باشی دەستنیشانكردووە “زۆر گرنگە تیشك بخرێتە سەر ئەو بابەتە، چونكە ساڵانە لەسەرتاسەری جیهاندا 5 هەزار ژن بەناوی پاراستنی شەرەف و نامووسی خێزان دەبنە قوربانی، ئەو كێشەیە زۆر باسی لێوە دەكرێ لە نێو كوردی توركیا و عێراق”.

مزگین كە كچی یەكێك لە سەركردەكانی ناو PKKەیە گوتی “ ئێمە دەمانەوێ باسی ئەم كێشەیە بكەین لەبەردەم رای گشتی، بۆیە فیلممان لەسەری ساز كردووە”.

پارتی كرێكارانی كوردستان كە ژمارەیەكی زۆر لە گەریلاكانی لە رەگەزی مێن، بە پشتگیریكردن لە مافەكانی ئافرەت ناسراوە، هەرچەندە لەلایەن توركیاوە بە “گروپێكی تیرۆرستی” ناسراوە.

 تاوەكو ئەمڕۆ “كوشتن لە پێناوی شەرەف” لەناو كۆمەڵگای كوردیدا بڵاوە. كاتێك كچێك دەكەوێتە داوی خۆشەیستی كوڕێك و پەیوەندی لەگەڵ دەبەستێت خێزانەكەی ئەم كارە بە شەرمەزاری دادەنێن و زۆرجار كچەكە دەكوژن.

مزگین بە (رووداو)ی راگەیاند “ئەم فیلمەمان لە بارودۆخێكی زۆر سەختدا تۆمار كرد، تەنیا لە ماوەی 5 رۆژدا ئەو كارەمان كرد”. گوتیشی” ئێمە چووینە كوردستان بۆ ئەوەی دۆكیۆمێنتارییەك ئامادە بكەین و كچێك بكەینە ئەكتەری سەرەكی كە لە راستیدا تووشی ئەم حاڵەتە بووە، بەڵام دواتر بیرۆكەكەمان گۆڕی بۆ كورتە فیلم”.

 سەرەتا وا بڕیار بوو فیلمەكە لەسەر دایكی ئۆزتورك بێت كە لەتەمەنی 10 ساڵییەوە دراوەتە خێزانێكی دیكە بۆ ئەوەی بەخێوی بكەن.

ئۆزتورك دەڵێت “لەماوەی 10 رۆژی پلاندانان و ئامادەكاری بۆ فیلمەكەم، هەستم كرد دایكم بە بارودۆخێكی دەروونی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت، چونكە یادەوەرییە تاڵەكانی دەهاتەوە بیر، ئەوەش زۆر سەخت بوو. لە تەمەنی 6 ساڵییەوە وازیان لێی هێنا و دایانە خێزانێكی دیكە بۆ ئەوەی بەخێوی بكەن. دایكم ئەم شتەی وەكو نهێنی لەلای خۆی هێشتبووەوە و بە كەسی نەگوتبوو”.

مزگین تەنیا هاوكاری نووسینی فیلمەكەی نەكردبوو، بەڵكو رۆڵی ئەكتەریشی لە فیلمەكەدا بینی. مزگین دەڵێت “لە گوندەكاندا زۆر بەدوای ئەكتەرێكدا گەڕاین، بەڵام ژنەكان نەیاندەویست رۆڵ ببینن. ئەگەر بشیانویستایە هاوسەرەكانیان یاخود براكانیان رێگرییان لێدەكردن. بولەنت داوای لێكردم ئەم رۆڵە ببینم و منیش رازی بووم، ئەگەرچی پێشتر ئەزموونم نەبوو لە كاری نواندن”.

فێستیڤاڵی فیلمی ئەوروپی لەلایەن ئەكادیمیای فیلمی ئەوروپی و چەند فێستیڤاڵێكی فیلمی ئەوروپی دیكە رێكخراوە. رۆژی 26ی ئەم مانگە خەڵاتی باشترین فیلم لە رێوڕەسمێكدا بەڕێوەدەچێت و ئۆزتورك خەڵاتەكە وەردەگرێ.