ئەمین بانی کۆنسێرتێک لە سلێمانی سازدەکات
رووداو دیجیتال
بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو کۆنسێرتێک بۆ ئەمین بانی هونەرمەندی ئێرانی سازبکرێت و گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش بکات.
باهۆز نەسڕەدین، رێکخەری کۆنسێرتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئەیلوولی 2023 کۆنسێرتێک بۆ ئەمین بانی، هونەرمەندی ئێرانی لە سلێمانی ساز دەکەن و شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە گۆڕاوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆنسێرتەکە کاژێر شەشی ئێوارە بەڕێوەدەچێت و ئەمین بانی گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش دەکات.
ئەمین بانی، هونەرمەندی ئێرانی، لەبارەی کۆنسێرتەکەی رایگەیاندووە: "سڵاوم بۆ خەڵکی ئازیزی شاری سلێمانی هەیە، لە هەرێمی کوردستان، گەشتێکی تایبەتمان لە پێشە، بڕیارە بێین بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتێک لە شاری سلێمانی، هیوادارم بێین و رووخساری شێوە مانگتان لە نزیکەوە ببینین. بۆ ئەم بابەتە زۆر خۆشحاڵم و بەهیوای دیدارتان".
ئەمین بانی لە 1984 لە ئیسفەهانی ئێران لەدایکبووە، گۆرانیبێژی شێوازی پۆپە، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە خولیای بۆ میوزیک و گۆرانی هەبووە، لە رێگەی بەرهەمێکی ئاینییەوە کە بە مۆبایل وێنەگیرابوو ناوبانگی پەیداکرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و 'چە کردی' یەکێک لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانیەتی.