"لە دهۆك میوزیك بەجێماوە"

19-09-2013
هیوا سەڵاح
A+ A-
رووداو – هەولێر

میوزیكژەن و ئاوازدانەری كورد دڵشاد محەممەد سەعید یەكێكە لە موزیسیانە ناودارەكانی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرەتای ساڵانی هەشتاكان تیپی میوزیكی دهۆكی دامەزراندووە، هەروەها لەگەڵ چەندین ژەنیاری بیانی بەناوبانگ كاری كردووە، ئێستا لە نەمسا نیشتەجێیە و وەك ژەنیاری ئامێری كەمان ئەندامی یەكێك لە تیپەكانی سیمفۆنیای نەمسایە. دڵشاد محەممەد سەعید ئێستا بە سەردانەوەیەك لە هەرێمی كوردستانە و خەریكی كلیپكردنی پارچە میوزیكێكە، كە (رووداو) سپۆنسەریەتی.

رووداو: ئەم پارچە میوزیكە كە كلیپی بۆ دەكەی ناوی چییە، كێ دایناوە؟
دڵشاد محەممەد: ئەم پارچە میوزیكە یەكێكە لەو 24 كاپریسكەی میوزیكژەنی بەناوبانگی ئیتاڵی پاگانینی، ئەم میوزیكە لەساڵی 1830 نووسراوە، یەكەمین ئیشی پاگانینی بووە، هەڵبەتە پارچە میوزیكەكانی پاگانینی لە رووی تەكنیكەوە زۆر سەختن، بەتایبەتی بۆ ئامێری كەمان.

رووداو: وەك باس دەكرێت ئەم پارچە میوزیكەی كە تۆ كلیپت بۆ كردووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا پێنج كەس دەتوانن بیژەنن، لەگەڵ ئەوەشدا پاگانینی پەنجەی دەستی وەك مرۆڤێكی ئاسایی نەبووە، لەبەر ئەوەیە كە دەڵێی سەختە؟
دڵشاد محەممەد: ئەوە راستە كە پەنجەكانی زۆر درێژ بووە، بۆیە زۆر هەوڵیداوە میانەی 10 لەسەر كەمان لێبدات، هەروەها دەیویست زیاتریش لێبدات كە ئێستا هیچ مرۆڤێك ناتوانێت خۆی لە قەرەی بدات، هەندێك دەنگۆش هەیە كە دەڵێن نێوانی پەنجەكانی بە چەقۆ بڕیوە تا زیاتر و باشتر میوزیك بژەنێت. بۆیە زۆر سەختە و كاتێكی زۆریشی دەوێت تا بەباشی كۆنترۆڵی بكەیت. یەكەمجار ئەم پارچە میوزیكە لەگەڵ پرۆفیسۆرەكەی خۆم فێری بووم لە لەندەن لە ساڵی 1984 كە ئەوكات قوتابی بووم، بەڵام بەردەوام نەبووم. لە نیسانی ئەمساڵ كارم تێدا كرد و زیاتر لە مانگێك پرۆڤەم لەسەری كرد و تۆمارمكرد، بەڵام كارەكانی پاگانینی ئاسان نین، منیش هەر هێندە توانیم ئیشی لەسەر بكەم، لەوانەیە ئەم پارچە میوزیكە بۆ گوێگرێكی ئاسایی زەحمەت بێت وەریبگرێت، چونكە زۆر جیاوازە لە میوزیكەكانی دیكە.

رووداو: دەمێكە بەرهەمی تایبەت بە خۆتمان نەبینیوە، هیچ بەرهەمێكی تازەت لەبەردەستە؟
دڵشاد محەممەد: من قەت كەم ئیشم نەكردووە، بەڵكو زۆر ئیش دەكەم، بەڵام كەم دەریدەخەم، لەبەر ئەوەی زۆرتر وانەی میوزیك دەڵێمەوە و بەكاری ئۆركێسترا و سیمفۆنیاوە خەریك دەبم، هەر خۆشم نامەوێت شتێكی بە پەلە بكەم. من لە ساڵی 1995 یەكەم ئەلبوومی میوزیكیم بڵاوكردووەتەوە، بەڵام تاكو ئێستا نەبووەتە دووەم، ئێستا دوو بەرهەمی دیكەم لەبەر دەستە كە بۆ یەكەمجارە رایدەگەیەنم، یەكەمیان بەناوی پێشمەرگەیە و ئەوەی دیكەشیان بەناوی شنگالە، بەنیازین لەگەڵ سیمفۆنیایەك تۆماری بكەین كە تێكستەكەی ئەدیب چەلكی نووسیویەتی لەم ماوەیە تەواو دەبێت، هەروەها بەڵێن بە هەوادارانی میوزیكی كوردی دەدەم كە لەو ماوەیە ئەلبوومێكی میوزیكی كوردی كارەكانی تەواو دەبێت و بڵاوی دەكەمەوە.

رووداو: بۆچی رووداوت هەڵبژارد بۆ ئەوەی كلیپ بۆ ئەم پارچە میوزیكە بكات؟
دڵشاد محەممەد: كە بیستم رووداو كوالێتیەكی زۆرباشی هەیە و ستۆدیۆكانی تازەن، هەروەها لە كوردستان تاكە تیڤییە كە بە سیستەمی HD كار بكات، حەزم كرد ئیشێكیان لەگەڵ بكەم.

رووداو: دەگوترێ لەلایەن گرووپێكی بەناوبانگی یۆنانی داوات لێكراوە ببیتە ئەندامیان، ئەوە تا چەند راستە؟
دڵشاد محەممەد: راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی گرووپەكە داوا نەكراوم، بەڵكو چەند ژەنیارێكی هاوڕێم لەو گرووپە داوایان لێكردووم، بەڵام بەهۆی زۆر سەرقاڵیم گوتم ناتوانم، بۆیە نەچووم بۆ ئەو گرووپە، من زۆر خۆشحاڵ دەبووم ئەگەر لەو گرووپە سۆلۆی میوزیكی كوردیم پێشكەش كردبایە، نەك ببمە ئەندامێك لەو گرووپە.

رووداو: خاتوو نەجات عەبدولمەسیح كە گۆرانیی نێرگزی گوت لەگەڵ تیپی مۆسیقای دهۆك چی بەسەر هات؟
دڵشاد محەممەد: چەند ساڵێك پێش ئێستا خۆی تەلەفۆنی بۆ كردم، وا بزانم لە دەوروبەری مووسڵ دەژیت.

رووداو: تیپی دهۆكی جاران و ئێستا چۆن دەبینی؟
دڵشاد محەممەد: دهۆك لەڕووی هونەرییەوە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام وا هەست دەكەم لەچاو شارەكانی دیكەی كوردستان لە رووی میوزیكەوە بەجێماوە و لە دوای شارەكانی دیكەیە.

رووداو: بە نیازبووی ئەكادیمیایەكی موزیكی لە دهۆك دروست بكەی، ئەو پرۆژەیە چی لێهات؟
دڵشاد محەممەد: راوەستاوە.

رووداو: بۆچی؟
دڵشاد محەممەد: منیش خۆم دەپرسم بۆچی؟ سەرەتا هەنگاوی باشمان هاویشت، وەك وەرگرتنی مۆڵەت و تەرخانكردنی زەوی لە دهۆك كە تاوەكو ئێستا زەوییەكە هەر ماوە، من هەموو شتێكم تەواو كردووە، ئەو نەخشەو پلانەی دامناوە ئەگەر جێبەجێ بكرێت، سبەی دێمەوە كوردستان. بەڵام لایەنی پەیوەندیدار پێیانگوتم ئێستا ئاو و كارەبا و شتی دیكە گرنگترە لە موزیك، منیش دەزانم ئەوە گرنگترە، بەڵام ئێستا رۆڵی كولتووریش گرنگە.
لە دهۆك پێیانگوتم ئێستا ئاو و كارەبا لە میوزیك گرنگترە


دڵشاد محەممەد سەعید:
- ساڵی 1958 لە شاری دهۆك لەدایكبووە
- خوێندنی میوزیكی لە بەغدا تەواو كردووە
- لە ساڵی 1979 تیپی میوزیكی دهۆكی دامەزراندووە
- لە سیمفۆنیای نیشتیمانی عێراقی یاریدەدەری مایسترۆ بووە
- لە ناوەڕاستی هەشتاكان چووەتە بەریتانیا بۆ خوێندنی میوزیك
- ئێستا لە نەمسا نیشتەجێیە و لە زانكۆكاندا وانەی میوزیك دەڵێتەوە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە