رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، پڕبینراوترین بەڵگەفیلمە لە مێژووی بۆکس ئۆفیسی وڵاتانی عەرەبیدا.
پاسکاڵ رەحمە، بەرپرسی بڵاوکردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا - نووسینگەی سعودیە لە کۆمپانیای ئێمپایەر، بە رووداوی راگەیاند، بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" پڕبینەرترین بەڵگەفیلمە لە مێژووی بۆکس ئۆفیسی وڵاتانی عەرەبیدا.
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە، بە رووداوی راگەیاند، دڵخۆشە کە فیلمەکەی پڕبینەرترینە لە مێژووی بۆکس ئۆفیسی وڵاتانی عەرەبی و دەڵێت، ئەمە دەستکەوتە بۆ خۆی و سینەمای کوردی.
فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیای ئێمپایەر لە سینەمای حەوت وڵاتی عەرەبی بڵاودەکرێتەوە و لە ماوەی چوار هەفتەدا، داهاتی زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە، زۆترینی لە سینەماکانی ئیمارات بووە.
پێشاندانی فیلمەکە جگە لە سینەماکانی باشووری کوردستان، لە سینەماکانی ئیمارات، قەتەر، سعودیە، بەحرێن و عەممان بەردەوامە، پێشتریش لە سینەماکانی ئوردن، تونس و مەغریب پێشاندراوە.
پێشاندانی فیلمەکە لە ئێمپایەر سینەما لە هەولێر، ستی سینەما لە سلێمانی و سینەمای دهۆک مۆڵ لە دهۆک بەردەوامە.
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ، سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لە کاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج بەرهەمی هێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ