سبەی لە هەولێر بە بەڵگەفیلمێک یادی گۆڤار ئەنوەر دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە ساڵیادی کۆچی دوایی گۆڤار ئەنوەر، ئەکتەری بواری شانۆ، دراما و سینەما، بەڵگەفیلمێک لە دەرهێنانی براکەی ئەحمەد ئەنوەر بڵاودەکرێتەوە.
 
ئەحمەد ئەنوەر، دەرهێنەر و برای گۆڤار ئەنوەر، ئەکتەری کۆچکردوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی یەکشەممە 20ـی ئابی 2023 لە هۆڵی پێشەوا یادی هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر دەکرێتەوە و بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی پێشاندەدرێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەڵگەفیلمەکە بەناوی 'خۆشی بۆ نیشتمان 49 بۆ خۆم'ـە لە دەرهێنانی خۆیەتی، لە هەولێر وێنەگیراوە و ژەمارەیەک هونەرمەند و هاوڕێی ئەو ئەکتەرە کۆچکردووە تێیدا بەشدارن.
 
گوتیشی، لەم بەرهەمەدا چەندین شتی نەگوتراو هەن و سوودی لە بەشێک لە ڤیدیۆ و بەڵگەکانی نێو مۆبایلی گۆڤار ئەنوەر وەرگرتووە.
 
گۆڤار ئەنوەر، لە 1978 لە گەڕەکی کورانی شاری هەولێر لەدایکبووە، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ بووە، لە 1993 بۆ یەکەمجار بەشداری لە بەرهەمێکی شانۆیی لە قوتابخانەی ئیبن خەلەکان کردووە، لە 1997 بۆ یەکەمجار بەشداری لە فیلمێکدا کردووە کە بەناوی 'منم دکتۆر'. 
 
ئەو ئەکتەرە کۆمیدییە لە دوو کورتەفیلم، فیلمێکی سینەمایی درێژ، دەیان شانۆ و درامادا و چەند بەرهەمێکی دیکەدا بەشداربووە.
 
گۆڤار ئەنوەر لەگەڵ ئەیام ئەکرەم، لە رەمەزانی 2020ـدا لە رادیۆی رووداو بەرنامەیەکی کۆمێدی و تەنزئامێزیان بەناوی '19 پێکەنین'ـەوە پێشکێشکرد کە کاتی بڵاوبوونەوەی یەکەم شەپۆلی سەختی کۆرۆنا 'کۆڤید 19' بوو، ئەو بەرنامە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە کوردستان و لەنێو کوردانی تاراوگەشدا هەبوو و هاونیشتمانییان لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستاندا پەیوەندییان پێیانەوە دەکرد.
 
گۆڤار ئەنوەر لە تەمەنی 44 ساڵیدا لە 20ـی ئابی 2022 بەهۆی نەخۆشی کۆچی دواییکرد.