پێشەوا هەورامانی: لەسەر شاشە سڵ لە هیچ ناکەمەوە

19-08-2015
دەرباز یونس
نیشانەکردن پێشەوا هەورامانی
A+ A-

رووداو – هەولێر

پێشەوا هەورامانی تەمەنی 25 ساڵە، بەڵام یەکێکە لە دیارترین بێژەرەکانی هەواڵ لە رووداو. ئەو رۆژانە بە بەردەوامی لەسەر شاشەیە و کەسێکی ناسراوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت بە دەردەسەری و نەهامەتیی زۆر گەیشتۆتە ئێستا. پێشەوا هەورامانی لەم هەڤپەیڤینەدا وەڵامی پرسیارەکانی (رووداو) دەداتەوە.

رووداو: پێشەوا خۆی بناسێنێت دەڵێت چی؟

پێشەوا هەورامانی: تەمەنم 25 ساڵە، بەڵام خەڵک بڕوا ناکەن ئەوە تەمەنم بێت. لەسەرەتای نەوەتەکان لەدایکبووم. شەڕی براکوژی و ئاوارەبوونم بینیوە. ماوەی 9 ساڵە کاری میدیایی دەکەم. 

کە دەستمپێکرد تەمەنم 16ساڵ بوو. لە تەواوی خولەکانی تۆڕی میدیایی رووداودا بەشداریمکردووە. ئێستاش وەک بێژەری رووداو کاردەکەم.

رووداو: خەڵک دەڵێن زوو زوو ستایلی خۆت دەگۆڕیت لە دەرکەوتندا لەسەر شاشە. بۆ وادەکەی؟

پێشەوا هەورامانی: ستایل دەگۆڕم چونکە دەمەوێ بەردەوام تازە ببمەوە. نامەوێ شێوەیەکی دەقگرتووم هەبێت لەبەر چاوی خەڵک. دەمەوێ بەردەوام تازە بم. هەرچەندە گۆڕانکارییەکان زۆرنین، هەر قژکورتکردن و درێژکردنە. ئەوەش زوو زوو ناکەم.

رووداو: جار جار دەگوترێت گرژ و مۆن و تووڕە دەردەکەویت لەسەر شاشە، لە کاتی دیکەدا لە رووداو کە دەتبینم، کوڕێکی رووخۆش و قسەخۆشی، بۆچی لەسەر شاشە بەمشێوەیە دەردەکەوی؟

پێشەوا هەورامانی: ئاخر من چ هەواڵێک دەخوێنمەوە؟ هەمووی کوشتن و بڕین و تەقینەوەیە، لەگەڵ ئەو هەواڵانە چۆن بتوانم پێبکەنم؟ لەگەڵ هەواڵی خۆش مرۆڤ پێدەکەنێت، بەڵام کە هەواڵ ناخۆش بێت، چۆن پێبکەنم؟ هەندێ شتیش هەیە ستایلە. ئەمە جددیبوونە نەک گرژی و مۆنی و تووڕەیی.

رووداو: ئێستا یەکێکیت لە دیارترین بێژەرەکانی رووداو، ناسراوی چ ئازادییەکی لێ سەندوویەتیەوە؟ 

پێشەوا هەورامانی: ناسراوی زۆر شتی پێبەخشیوم، بەڵام زۆر ئازادیی ژیانی تایبەتیشی لێ سەندوومەتەوە. بۆنموونە زۆرجار حەزدەکەم بە تیشێرتێک و سێ چارەگێکەوە بچمە دەرەوە، بەڵام هەمیشە ناچارم بە جلوبەرگی جددییەوە بچمە دەرەوە. هەمیشە چاوی خەڵکت لەسەرە.

 رووداو: زۆر جار باسی هاوسەرگیریی تۆ دەکرێت، ئەگەرچی وێنەکانیش لە فەیسبووک دادەنێیت، بەڵام چەند کۆمێنتێکم خوێندەوە کە لێتدەپرسن: بۆچی هاوسەرگیری ناکەیت؟

پێشەوا هەورامانی: هاوسەرگیریم کردووە و دواترین پۆستم لە فەیسبووک وێنەی منداڵەکەم بوو.

رووداو: چۆن هاوسەرگیریت کردووە؟

پێشەوا هەورامانی: (بەپێکەنینەوە) ٣ ساڵ زیاترە هاوسەرگیریم کردووە و کوڕێکمان هەیە. پێشتر بەباشی هاوژینەکەمم ناسیوە، ئینجا هاوسەرگیریمان کردووە.

 رووداو: ئەگەر کوڕەکەت بیەوێت ببێتە بێژەر چی پێدەڵێیت؟

پێشەوا هەورامانی: بۆ کوڕەکەم زۆر ئاسانتر دەبێت ببێتە بێژەر، چونکە من یارمەتیی دەدەم. ئەو ئازادە هەر  بوارێک هەڵبژێرێت. میدیا و راگەیاندن یاخود هونەر یان هەر بوارێکی دیکە. من هاوکاری و رێنوێنیی دەکەم، بەڵام بۆ ئەو ئاسانتر دەبێت ببێتە میدیاکار، چونکە من کەسێک نەبوو لە بواری میدیادا هاوکاریم بکات. کوڕەکەم منی هەیە. من بە دەردەسەری پێگەیشتم، بەبێ پارە لە هەندێ دەزگا کارمکردووە بۆئەوەی پێبگەم.

رووداو: لەم ماوەیەی دواییدا هەڵەبجە بووە پارێزگایەکی نوێی هەرێمی کوردستان، تۆ کە هەڵەبجەییت چ هەستێکت هەبوو؟

پێشەوا هەورامانی: خۆشەویستیی بێ پایان و بێ جیاوازیم بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان هەیە، بەڵام هەرشتێک بۆ هەڵەبجە دەکرێت وادەزانم بۆ خۆم دەکرێت. هەڵەبجە لەنێو خوێن و دڵی ئێمەدایە. قەت پێم لە هەڵەبجە نەبڕیوە و نایبڕم. هەندێکجار تاسەی ئەوێ دەکەم و بە گەڕانێک بەنێویدا ئارام دەبمەوە.

رووداو: یەکەم دەرکەوتنی تۆ لە رووداو بە بەراورد لەگەڵ ئێستا گۆڕانکاریی زۆر لە شێوە و ئەدای خوێندنەوەی هەواڵ دەبیندرێت، تۆش هەست بەوە دەکەیت؟

پێشەوا هەورامانی: ئەوکاتە قۆناخی سەرەتایی بوو. ئێستا متمانەی تەواوم بەخۆم هەیە. هیچ کەسێک و سیاسییەک نییە سڵی لێ بکەمەوە بۆئەوەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجامبدەم، یان هەر پرسیارێک بکەم. سەرەتاکان حەزەر دەکەی، بەڵام ئێستا ترسم لە هیچ شتێک نەماوە لە کاری راگەیاندندا.

رووداو: ئەی شێوەت گۆڕانکاریی چیی بەسەرهاتووە؟ بەتایبەتی ئەوکاتانەی هەواڵی کوشتن و شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک دەخوێنیتەوە، چۆن خۆت کۆنتڕۆڵ دەکەیت؟

پێشەوا هەورامانی: ماوەی 3 ساڵ هەموو رۆژێک هەواڵی کوشتن و بڕین و تەقینەوە بخوێنیتەوە، لەگەڵ چەند کاژێرێک کارکردن بێگومان کاریگەریی لەسەر شێوە و هەموو شتێکت دەبێت. باوەڕ بکە زۆر جار خۆم بەزەحمەت کۆنتڕۆلدەکەم. چونکە کارەکە وایە دەبێ خۆت کۆنتڕۆل بکەیت. جاری وا هەیە راپۆرتی شەهیدبوونی پێشمەرگە یاخود سەربڕینی پێشمەرگە، بەرلەوەی بچەمە ستۆدیۆ چەندینجار سەیردەکەم و ناڕەحەتدەبم تا ڕادەی گریان، ئینجا دەچمە ستۆدیۆ بۆئەوەی کاریگەرییەکەی لەنێو ستۆدیۆ کەمتربێتەوە. لەگەڵ راپۆرتی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی کەرکووک (شەهید سەرەباوە) بەرلەوەی بچمە نێو ستۆدیۆ گریام. 

رووداو: هاوژینەکەت دڵپیسیت لێ ناکات؟

پێشەوا هەورامانی: کێشەیەکی وا دروستنەبووە، ئەگەر خێزانەکەت لێت تێبگات هەرگیز ئەمە روونادات.


پێشەوا تاهیر مستەفا، لە ساڵی 1990لە دایکبووە و خەڵکی گوندی خەرپانی ناوچەی هەورامانە، دەرچووی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین-ە لە هەولێر، ماوەی 9 ساڵە کاری راگەیاندن دەکات و دەستپێکی کارەکانی لە هەڵەبجە بە پڕۆگرامێکی راستەوخۆی رادیۆیی دەستپێکرد. لەدوای ئەویش لە چەندین دەزگای راگەیاندنی دیکەی هەرێمی کوردستان کاریکردووە.
لەکۆتاییشدا هاتووەتە هەفتەنامەی رووداو، لەگەڵ کردنەوەی پڕۆژەی تۆڕی میدیایی رووداو، وەک بێژەر و پڕۆدیوسەر گرێبەستی واژۆ کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە