3 ژنی كورد لە ئەڵمانیا گرووپێكی هونەری دروستدەكەن

سەیدخان كوریژ
رووداو - ئەڵمانیا

سێ ژنی كورد لە ئەڵمانیا گرووپێكی هونەری دروستدەكەن، ئەو گرووپە لەسەر دەستی هونەرمەند سەكینە دامەزراوە و بە كوردی و ئینگلیزی و توركی و یۆنانی گۆرانی دەڵێن. سەكینە دەڵێت "هەوێنی كارەكانیان گۆرانییەكانی ئایشە شان و مریەم خانە".

سەكینە ساڵی 1973 لە ناوچەی جمجمە (ڤارتۆ)ی سەر بە مووش لەدایكبووە. لە نێو خێزانێكی عەلەویدا گەورەبووە و زوو تێكەڵی میوزیك بووە. 
سەكینە ساڵی 1991 لەگەڵ گرووپی میزۆپۆتامیا گۆرانی گوتووە، بەڵام دواتر دەستی بە كاری سیاسی كرد، بەو هۆیەش 8 ساڵ لە كاری هونەری دابڕا.

ئەو ژنە لە ساڵی 2006 چووەتە ئەوروپا. لەگەڵ ئۆركێسترای نێونەتەوەیی ڤییەننا (VIO) زۆر كۆنسێرتی سازكردووە. هەروەها چەند ساڵێكە لەگەڵ گرووپێكی شانۆیی لە كۆڵانەكاندا هونەری خۆی پێشكەش دەكات. سەكینە یەكەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی ROYÊ Mİ بڵاوكردەوە.

گرووپی سێ ژنەكە

ئەو هونەرمەندە كوردە لە بەهاری ساڵی 2011 گرووپێكی بەناوی (TRİO MARA) دامەزراند. ترۆی مارا گۆرانی كلاسیكی كوردی بە پیانۆ و كەمان پێشكەش دەكات. سەكینە دەڵێت "دەمێك بوو خەیاڵێك لە مێشكم بوو بۆ دامەزراندنی گرووپێكی تایبەت بە ژنان".

گرووپەكە پێكدێن لە سەكینە، نۆری و نازێ. سەكینە ناوی گرووپەكەی بۆ (رووداو) شیكردەوە و گوتی "TRİO" بەلاتینی مانای 3 دەدات. وشەی "MARA"ش خۆمان هەڵمانبژارد. مارا بەزازاكی مانای ژن، هەروەها واتای دایكیش دەدات. لە عەرەبیشدا هەر مانای ژن دەدات، لە ئەرمەنیشدا مانای دایكە بۆیە ئەو ناوەمان هەڵبژارد".

لە گرووپی (TRİO MARA) نۆرێ دلۆڤان كەمان دەژەنێت و نازێ ئیشخان پیانۆ لێدەدات و سەكینەش گۆرانی دەڵێت.
گۆرانی بیانیش دەڵێن

ناوەڕۆكی میوزیكی (TRİO MARA) كلاسیكی كوردی و میللییە. سەكینە دەڵێت "گرووپەكەمان بنەماكانی میوزیكی میللیی كوردی دەپارێزێت و بەمەش تێر نابێت، جۆرە سازانێك لەنێوان میوزیكی جیهانی و نوێ دروستدەكات، لەژێرخانی ئێمەدا میوزیكی كلاسیكی كوردی هەیە كە كۆن نابێت و بەتایبەتی نازێ ئیشخان ئەو گۆرانیانە نوێدەكاتەوە".

ئەو گرووپە زۆرجار گۆرانی بیانیش تێكەڵ بە گۆرانی كوردی دەكەن. وەك سەكینە دەڵێت "لەنێو گۆرانییە كوردییەكاندا هەندێكجار بوار بە گۆرانی بیانیش دەدەین، لە كۆنسێرتەكانماندا هەندێك گۆرانی بەزمانەكانی دیكەش پێشكەش دەكەین".

بە بڕوای سەكینە، ئەگەر "پیاوسالاری" كۆمەڵگەی كوردی نەبووایە، ئێستا چەندین گۆرانبێژ و دەنگبێژی ژن لە مەیدانەكەدا دەبوون. سەكینە گوتی "زۆر لە هونەرمەندانی ژن بەهۆی كۆمەڵگای پیاوسالاری و هەندێك كۆنەپەرستی و بیروباوەڕی ئاینی تووشی زۆر ئاستەنگ بوونە. بەڵام هەندێكیان كۆڵیان نەداوە، لەوانەش ئایشەشان و مەریەم خان. ئێمە دەمانەوێ ئەو میراتە بكەینە هەوێنی كارەكانمان".

لە زۆربەی كارەكانی ئەو گرووپەدا بە تایبەتی كلپیەكانیان دیمەنی دۆكۆمێنتاریش هەن. سەكینە لەوبارەیەوە دەڵێت "دروستكردنی كلیپ شتێكی گرنگە بۆ راكێشانی سەرنجی گوێگران بۆ گۆرانییەكە. ئامانجمان ئەوە نییە بە كلیپ خۆمان بهێنینە پێشەوە. پێموایە هەر گۆرانییەك چیرۆكێكی تایبەتی هەیە و پەیامی خۆی هەیە. دەبێت مرۆڤ بە كلیپ ئەو پەیامە بگەیێنێت. ئەو توانا ئابوورییەم نییە كە پارەیەكی زۆر لە دروستكردنی كلیپدا خەرجبكەم. بۆیە زیاتر كارە راستەوخۆكانم بڵاودەكەمەوە و هەندێك دیمەنی دوكۆمێنتاریش بڵاودەكەمەوە".
ئەو گرووپە لە مانگی نیسانەوە دەستیان كردووە بە ئەنجامدانی زنجیرە كۆنسێرتێك، كە تا ئێستاش بەردەوامن. پێشتریش لەگەڵ هونەرمەندان تارا جاف و محەممەد ئاتڵیش كۆنسێرتیان سازكردووە. بەڵام لە ئەوروپا بۆ یەكەمجار بەم زنجیرە كۆنسێرتانە خۆیان ناساند. لە بێلیفیلد، كوێلن، فرانكفۆرت و بەرلین چوار كۆنسێرتیان پێشكەشكرد. 
سەكینە دەڵێت "ئێمە میوزیكی گەلانی ئەناتۆڵیا بە ئەنسترۆمێنتی كلاسیكی رۆژئاوایی كۆدەكەینەوە و هەستێك دروستدەكەین. بەرهەمەكانی پڕۆژەكە زۆربەیان كرمانجی و زازاكین، بەڵام بە زمانی ئەرمەنی، توركی و یۆنانیش گۆرانی دەڵێین".