'شاردنەوەی سەدام' لە سینەماکانی تونس و مەغریب پێشاندەدرێت

19-06-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن "شاردنەوەی سەدام"

شرۆڤە

دوو هۆگری فیلم وێنەی لەگەڵ هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد دەگرن

A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تونسییەکان بۆ ئەوەی چیرۆکی شاردنەوەی سەددام حوسێن ببینن، لە پێشاندانی تایبەتی فیلمی "شاردنەوەی سەدام" ئامادەبوون.
 
چیرۆکەکە لە زاری عەلا نامیق دەبیستن و بە دەرهێنەریی فیلمسازێکی کورد، ئەویش هەڵکەوت مستەفایە.
 
لە دوای پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە لە جەددەی سعودییە، تونس دووەم وەڵاتی عەرەبی بوو پێشاندانی تایبەتی بۆ کرد. 
 
فیلمەکە لە 18ـی تەممووزی 2024 لە سینەمای 14 وڵاتی عەرەبی پێشاندەدرێت، بەڵام تونس و مەغریب پێشاندانی فیلمەکەیان خستە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان.
 
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام" لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکەی لە تونسی پایتەختی تونس ئامادەبوو بە رووداوی راگەیاند، ماوەی دوو ساڵ بە دوای ئەو کەسەدا گەڕاوە کە سەدام حوسێنی شاردووەتەوە، 10 ساڵی کاری بەرهەمهێنانی بۆ فیلمەکە کردووە. گوتیشی، ئەو دڵخۆشە بە پێشاندانی فیلمەکەی لە سینەماکانی جیهاندا.
 
فیلمەکە لە دوای پێشاندانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمستردام – ئێدفا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور، دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرهەمهێنانیدا هاوبەشە.
 
لاساد گۆوبەنتینی، بڵاوکەرەوەی فیلمەکە لە تونس و مەغریب، بە رووداوی راگەیاند: "هۆکاری ئەوەی وایکرد بڕیار بدەم فیلمی "شاردنەوەی سەدام" بهێنمە تونس و سینەماکانی تونس، ئەوەبوو کە زۆرم لەبارەی فیلمەکە لە فێستیڤاڵی دەریای سوور بیست. هەروەها هاوڕێیەتم لەگەڵ دەرهێنەری بەڕێز هەڵکەوت مستەفادا هەیە. هەروەها سەدام حوسێن کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێشە، سەردەمی شاردنەوە و دواتر دەستگیرکردنی بۆ ئەوان وەک عەرەب و تونسی گرنگە".
 
لە دوای پێشاندانی "شاردنەوەی سەدام"، بینەران بۆچوونی جیاوازیان هەبوو، دڵخۆش بوون بە گێڕانەوەی چیرۆکەکە لە زاری کەسێک کە یاوەری سەرۆکی پێشووتری عێراق بووە لە دوای هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق.
 
یەکێک لە بینەرەکان بە رووداوی گوت: "بیرۆکەی چیرۆکی گێڕانەوەی عەلام بە دڵ بوو، کە 235 رۆژ لەگەڵیدا بووە، وەک ئەوەی باسی دەکات، تا ئەو کاتەی ئەمریکییەکان هاتن و شوێنەکەیان ئاشکرا کرد".
 
بینەرێکی دیکە ئەمژارەی بۆ ئەوەکرد: "فیلمەکەم زۆر بە دڵ بوو، هەندێ راستی تێدا بوو کە نەمدەزانی، لەو سەردەمەدا زۆر هەواڵ هەبوون نەمەدەزانی چی راستە و چی هەڵەیە، ئەمە وا دەکات لە بیرەوەریت بمێنێتەوە و زۆر پرسیار بۆ دروست بکات". 
 
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە