سبەی نەسیر شەممە و هاوڕێکانی قەڵای هەولێر پڕ لە میوزیک دەکەن
رووداو - هەولێر
مێژووی قەڵای هەولێر بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە، شوێنێک کە هەزاران رووداوی گرنگی سیاسی و کلتووری تێیدا روویداوە و ناوچەیێکی ستراتێژییە کە تاوەکو ئێستاش ژیان تێیدا بەردەوامە، سبەینێش کۆنسێرتی شارەکانی نێرگز لەخۆدەگرێت.
لەبەرئەوەی شوێنەکەی شوێنێکی گونجاو بووە و سەرچاوەی ئاوی باشی هەبووە، لە رووی جوگرافیایی و جێگای پێکەوە ژیانی هەموو نەتەوەکانە و بە بەردەوامی خزمەتی بە مرۆڤایەتی کردووە، ئێستاش ئەو قەڵایە بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتی میوزیکی هونەرمەندانی جیهانی ئامادەکراوە.
نەسیر شەممە، باڵیۆزی ئاشتی و گروپەکەی لە حەوت وڵاتی دنیا لەسەر قەڵای هەولێر کۆبوونەتەوە تاوەکو دەسپێشخەری پەیامێکی ئاشتیخوازانە بن لە خاکی کوردستانەوە.
نەسیر شەممە، هونەرمەندی نێوداری جیهانی و باڵیۆزی ئاشتی رێكخراوی یونسكۆ دەڵێت "مەبەستمانە پەیامێکی زۆر بەهێز پێشکەشی هەموو جیهان بکەین بەوەی ئەم خاکە، خاکی ئاشتی و کولتوورەکانە، لەڕێگەی ئەم چالاکییەمان گەشت بۆ هەموو جیهان و شارەکانی کوردستان دەکەین کە بە شارەکانی نێرگز ناسراون".
ئەشرەف شەریف خان، هونەرمەندی پاکستانیش ئاماژەی بەوە دا "وا هەستدەکەم لە وڵاتی خۆمم، بۆنی هەوای وڵاتەکەم دەکەم، ئێستا پێویستە لێرە خۆشەویستی و ئاشتی ئاوێتەی یەکدی بکەین".
کۆنسێرتی شارەکانی نێرگز، کاژێر 08:30ـی ئێوارەی 20-6-2019 لەسەر قەڵای هەولێر سازدەکرێت و هاتن بۆ هەمووانە (جگە لە منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ) و بێبەرامبەرە.
داڕشتنەوە؛ بڕوا کیانی