دوایین هەواڵی تەندروستی ئەنجلینا جولی

19-04-2016
پەسار فایەق
...
...
نیشانەکردن سینەما
A+ A-

رووداو - هەولێر

زۆرجار هەواڵی مردنی کەسایەتییە هونەرییەکان بڵاودەکرێتەوە یاخود هەواڵی نادروستیان دەخرێتەپاڵ، هەندێ جاریش هەواڵەکان راستییەکیان تێدایە، بەڵام زیادەڕۆیی لە ناوەڕۆکیان دەکرێت.


ئەنجلینا جولی، خانمە ئەکتەری سینەمایی و باڵیۆزی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پرسی پەنابەران، یەکیک لەو کەسایەتیانەیە، کە زۆرترین دەنگۆ و هەواڵی لەم جۆری لەبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا چەندین جار دەنگۆی جیابوونەوەی ئەنجلینا جولی لە هاوسەرەکەی براد پێت بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەو هاوژینە چەند جارێک هەواڵەکەیان رەتکردووەتەوە.

بەهۆی ترسی ئەنجلینا جولی لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، دوو نەشتەرگەری ئەنجامدا، یەکەمیان بڕینەوەی مەمکانی بوو، دووەمیشیان دەرهێنانی هێلکەدانی.

لە دوای ئەم دوو نەشتەرگەرییە، کێشی لەشی ئەو خانمە ئەکتەرە بەردەوامە لە دابەزین و لە دوایین دەرکەوتنیشیدا لاوازییەکی زۆری پێوە دیارە و پێت پێشتر رایگەیاند، کێشی جولی گەیشتووەتە 35 کیلۆ.

بەم دواییە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، کە جولی بەهۆی خراپی باری تەندروستیی گیانی لەدەستداوە، بەڵام براد پێتی هاوژینی و جێمس هافنی برای، هەواڵەکەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە جولی نەمردووە، بەڵام بەهۆی نەخۆشی گەدە و کەمی خواردنەوە، لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویست وەردەگرێت.

دوایین بەرهەمی ئەو خانمە ئەکتەرە، بەشداریکردن بوو لە بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی سینەمایی "کۆنگ فۆ پاندا" کە ئەمساڵ لە هۆڵە سینەماییەکاندا نمایشکرا.

ئەنجلینا جولی لە 4 یۆنیۆی 1975 لە لۆس ئەنجلۆس لە ئەمریکا لە دایکبووە، لە چەندین فیلمی سینەماییدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و خاوەنی سێ خەڵاتی گۆلدن گلۆب و خەڵاتێکی ئۆسکارە و چەندین جار وەک کاریگەرترین ژنی جیهان دەسنیشانکراوە.

جگە لە دنیای سینەمادا، لە بواری خێرخوازیدا کار دەکات و وەک باڵیۆزی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی پەنابەران چالاکیی ئەنجامدات، دووجار بە مەبەستی بینینی پەنابەران، سەردانی باشووری کوردستانی کردووە.

جولی و پێت ماوەی چەند ساڵێک بەیەکەوە ژیان و لە ساڵی 2014ـدا بە فەرمی ژیانی هاوژینیان پێکهێنا، ئێستا خاوەنی شەش منداڵن، سێ لەو منداڵانە هی ئەوان نین و لەخۆیان گرتوونە.   
 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە