ئەحمەد خەلیل: جارێكی دیكە خۆشەویستی ناكەمەوە

رووداو- سلێمانی

گۆرانیبێژی شاری سلێمانی ئەحمەد خەلیل دەڵێت بە هەزاران كچ پەیوەندیی پێوەدەكەن بۆ خۆشەویستی و هاوسەرگیری، بەڵام بڕیاری داوە جارێكی دیكە نە خۆشەویستی بکات و نە هاوسەرگیری بكاتەوە. دانیش بەوەدا دەنێت كە تا دەمرێت عاشقە.

ئەحمەد خەلیل ساڵی 1984 لە گەڕەكی كانێسكانی شاری سلێمانی لەدایك بووە، بەڵام تەمەنی منداڵی و گەورەبوونی لە گەڕەكی سەرچنار بەسەربردووە. ساڵی 2012 دەستی بە گۆرانیگوتن بە شێوەی تراک كردووە و ئێستا یەکێکە لە گۆرانیبێژە خاوەن جەماوەرەکانی سلێمانی. ئەحمەد لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) ئاشکرای دەکات کە بەنیازە ئەم مانگە یەكەم ئەلبوومی خۆی بڵاوبكاتەوە.

رووداو: لە گەڕەكی كانێسكان لەدایك بوویت و لە سەرچنار گەورە بوویت. دەڵێن منداڵانی كانێسكان و سەرچنار جیاواز بوون، ئەوەی یەكەمیان زۆر بزێون و دووەمیان فەقیرن، تۆ کامیان بوویت؟

ئەحمەد خەلیل: (بەپێكەنینەوە) بە منداڵی زۆر هار بووم. كاتێك چووینەتە ماڵان، دایكم دەیگوت: ئەحمەد نەڕۆیتە سەر دارەكانیان.

رووداو: تا پۆلی چەندت خوێندووە؟

ئەحمەد خەلیل: بەهۆی خراپیی باری ئابووریمانەوە تا قۆناغی یەكی ناوەندیم خوێند.

رووداو: زۆرتر چ ئیشێکت کردووە؟

ئەحمەد خەلیل: هەموو ئیشێكم كردووە، هەر لە بۆیاخچیی پێڵاوەوە تاوەکو حەمباڵی. دەتوانم ساتە خۆشەكانی ژیانم ببژێرم، بەڵام بۆ ناخۆشەكان ئەوەندەن زۆرن بیرم نایەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەر رازیم بە ژیانم.

رووداو: چۆن دەستت بە كاری هونەری كرد؟

ئەحمەد خەلیل: بۆخۆم بەهرەیەكم هەبوو. لەساڵی 2000یشەوە بەردەوام گوێم لە گۆرانی گرتووە. ساڵی 2012 یەكەمین بەرهەمم بە ناوی (چاوەڕوانی) تۆماركرد. لە تێكستی رەزای ئەكبەری و موزیسیان ئەفشین شوكری. لەسەر داوای ئەوان گۆرانییەکەم گوت و كارێكی زۆر باش بوو. ئەمساڵیش گۆرانیی (وەفا)م بڵاوكردەوە.

رووداو: دەڵێن گۆرانی چاوەڕوانی لای خۆت زۆر تایبەتە؟

ئەحمەد خەلیل: راستە، لەبەرئەوەی بۆ خۆشەویستیی پێشتر گوتوومە. جگە لەوەش دوو جار كلیپەكەم بەدڵ نەبوو و دووبارەم كردەوە، تا سێیەمم بەدڵ بوو.

رووداو: لە گۆرانی گوتندا زیاتر كاریگەریی كێت بەسەرەوە بوو؟

ئەحمەد خەلیل: هونەرمەندانی خۆشەویست ناسر رەزازی، پەیوەند جاف، حەمەجەزا و ئەردەلان بەكر.

رووداو: بۆچی گۆرانییەكانت خاون؟

ئەحمەد خەلیل: دەتوانم بە زۆربەی ستایلەكان گۆرانی بڵێم، بەڵام خۆم لە ئەرەبێسكدا بە سەرکەوتووتر دەزانم.

رووداو: دەڵێن بەشداریی شەوئاهەنگەكانیش دەكەیت؟

ئەحمەد خەلیل: راستە، لە 2013ەوە بەشداری دەكەم. جاری وا هەیە هەموو شەوێكی هەفتە لە شەوئاهەنگم، ئەوەش بۆ لایەنی دارایی و خەرجی كارە هونەرییەكانم باشە.

رووداو: زۆرجار ئەو گۆرانیبێژانەی بەشداری شەوئاهەنگەكان دەكەن، وا لێیان دەڕوانرێت كە لە كەسایەتییان دادەبەزێت، لەو بارەیەوە رات چییە؟

ئەحمەد خەلیل: رەنگە هەندێك كەس بەوشێوەیە لێی بڕوانن، بەڵام ئەوە راست نییە. 
نایشارمەوە بژێویی ژیانمی لەسەرە. پاشان چ كاتێك هەناسەم پێنەما، ئەوكات واز لە گۆرانیگوتن و شەوئاهەنگ دەهێنم، لەبەرئەوەی حەزم لە گۆرانی و شەوئاهەنگە.

رووداو: ئەلبوومە نوێیەكەت بەڕێوەیە، چیی تێدادەبێت؟

ئەحمەد خەلیل: ئەلبوومەكە ناوی (نەبەرد)ە. ئەوەش لە خۆشەویستیی  هاوڕێیەكمە، کە بەداخەوە بە رووداوێك گیانی لەدەستدا. ئەلبوومەكە 10 گۆرانییە و لەسەر ستایلی ئەرەبێسكە. لە توركیاش كاری میوزیكم بۆ كردووە. سێ ساڵە كاری بۆ دەكەم و لە كۆتایی ئەم مانگەدا بڵاودەكرێتەوە. بۆ تێكستەكان هاوڕێم بەڵێن سەنگاوی هاوكاریی كردووم، لەگەڵ هۆنراوەی خۆم و ئاوازەكانیش وەرگیراون. بەنیازم چەند كلیپێكیش بكەم. دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە ئەلبوومەكە بە دیاری دەبەخشمە سەنتەری ئارۆ بۆئەوەی بڵاوی بكەنەوە.

رووداو: بۆچی دەیکەیتە دیاری؟

ئەحمەد خەلیل: لەبەرئەوەی لەكاتی بڵاوكردنەوەی یەكەم گۆرانیمدا بە باشی پێشوازییان لێكردم. منیش لە وەفای ئەو پێشوازییەدا پێشكەشیان دەكەمەوە.

رووداو: ئەلبوومەكە چەندی تێچووە؟

ئەحمەد خەلیل: نزیكەی بیست هەزار دۆلار، بەڵام سپۆنسەری هەیە.

رووداو: هاوسەرگیریت کردووە؟

ئەحمەد خەلیل: بەڵێ، بەڵام وەكو زۆربەی خەڵكی دیكە جیابووینەوە.

رووداو: بەنیاز نیت جارێكی دیكە خێزان دروست بکەیتەوە؟

ئەحمەد خەلیل: لە هەموو تەمەنمدا دووجار خۆشەویستیم كردووە. یەكێكیان چووینە ژیانی هاوسەرگیری و ئەوەی دیكەش لە خۆشەویستیدا كۆتایی هات، بەڵام جارێكی دیكە نایكەمەوە بە سێ خۆشەویستی و بەنیازیش نیم ژن بهێنمەوە.

رووداو: کوڕان زۆرتر گوێگری گۆرانییەکانتن یان کچان؟

ئەحمەد خەلیل: لای من هیچ جیاوازییەكیان نییە.

رووداو: كچ هەیە لە فەیسبووكەوە داوای خۆشەویستیت لێبكات؟

ئەحمەد خەلیل: بە هەزاران هەن، تەنانەت داوای هاوسەرگیریش دەكەن، بەڵام خۆم بە كەسێكی زۆر سادە دەبینم. خۆشەویستیش بۆ من نابێت.

رووداو: بۆچی؟

ئەحمەد خەلیل: لەبەرئەوەی دوو جار تێیدا سەركەوتوو نەبووم و نایكەمەوە بە سێ. هەموو خۆشەویستیم بە هونەرەكەم داوە، بەڵام تا دەمرم عاشقم.

رووداو: عاشقی کێیت؟

ئەحمەد خەلیل: ناتوانم وردەكاری باس بكەم.

رووداو: پێتخۆشە گۆرانی بۆ كێ بڵێیت؟

ئەحمەد خەلیل: بۆ باوك یان دایك.

رووداو: رقت لە كێیە؟

ئەحمەد خەلیل: لەو كەسەی بەردەوام قسەیەك دووبارە بكاتەوە، یاخود شتێك بزانم وایە و ئەو كەسە بڵێت وانییە، بەڵام زۆر زووش دڵم چاك دەبێتەوە.

رووداو: پێتخۆشە لەگەڵ كێ دوێت بكەیت؟

ئەحمەد خەلیل: بڕیارە لەگەڵ هونەرمەندی خۆشەویست پەیوەند جاف گۆرانییەك بڵێین.

رووداو: ئەی لەگەڵ گۆرانیبێژە کچەکان؟

ئەحمەد خەلیل: سەرسامم بە دەنگی لەیلا فەریقی. پێمخۆشە دوێتی لەگەڵ بكەم.

رووداو: لە كلیپدا دەرناكەویت؟

ئەحمەد خەلیل: لە نواندن نازانم، بەڵام لە كلیپدا جووڵەم زۆرە و زۆرجار دەرهێنەریش لێم بێزار دەبێت.

رووداو: دەڵێن زۆر سەرسامی بە دەنگی خۆت. ئەمە راستە؟

ئەحمەد خەلیل: لە هەموو تەمەنمدا بەتەنیا گوێم لە خۆم نەگرتووە، بەڵام كاتێك لەگەڵ هاوڕێیەكم رێككەوتبێت گوێم لە خۆم گرتووە.

رووداو: ئەی بۆچی زەنگی مۆبایلەكانت گۆرانیی خۆتن؟

ئەحمەد خەلیل: ئاسیاسێڵ و كۆڕەك خۆیان دایانناون، نەك خۆم داینێم، بەڵام كە داشینێن، ناڵێم دایمەنێن.