ئەنوەر قەرەداخی هاوكاری تووشبووانی شێرپەنجە دەكات
رووداو - هەولێر
داهاتی هەر دوو ئەلبومی ئەنوەر قەرەداخی و نەبەز عەبدوڵڵا بۆ چارەسەری نەخۆشەكان لە سلێمانی خەرجدەكرێت.
هونەرمەند ئالان قەرەداغی خاوەنی بیرۆكەی ئەم كارە و ئامادەكاری ئەم بەرهەمانە، بە(رووداو)ی راگەیاند “ئەم كارە بیرۆكەی خۆمە، بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ ئەم دوو هونەرمەندە گفتوگۆم كرد مەردانە بێ بیركردنەوەی رازی بوون و وەڵامیان دامەوە” بەرهەمەكە دوو ئەلبومە، ئەلبومی یەكەم ئەلبوومی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخییە، كە پێكهاتووە لە 8 تراكی موزیك، بەرهەمی دووەمیش بریتییە لە 9 گۆرانی بەدەنگی هونەرمەند نەبەز عەبدوڵڵا.
ئەم دوو ئەلبومە لە سوێد ئامادەكراون و ئێستا لەو وڵاتە دەستدەكەوێ و ئالان قەرەداخی دەڵێ “لەم رۆژانە دەگاتە دانیمارك و نەرویج و ئەلمانیاو بەریتانیاو فەرەنساو دواتریش كوردستان، ئەو بەرهەمانە نرخێكی گونجاویان لەسەر دانراوە بۆئەوەی هەموو كەس توانای كڕینی هەبێت، داهاتی ئەم سێدییانە دەڕوات بۆ نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی شێرپەنچە لەسلێمانی”. گوتیشی “هیوادارین ئەلبوومەكان زۆرترین فرۆشیان هەبێت بۆ ئەوەی زۆرترین نەخۆش بۆ چارەسەری سوودی لێوەربگرن”.