ئەندامێکی گرووپی بی تی ئێس بەرهەمێک بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

جیمین، ئەندامی گرووپی بی تی ئێسی کۆری، بەرهەمێکی جیا لە گرووپەکەی 'Set Me Free Pt.2' بڵاوکردەوە.
 
ئەم بەرهەمە یەکێک لە تراکەکانی نێو ئەلبوومە نوێیەکەی بەناوی 'FACE' دەبێت کە بڕیارە لە 24ـی ئازاری 2023 بڵاوبکرێتەوە.
 
ئەم بەرهەمە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە و ژمارەیەک سەماکار تێیدا بەشدارن و چەند نمایشێک پێشکێش دەکەن.
 
جیمین، جگە لە کارە هاوبەشکانی لەگەڵ گرووپی کەی پۆپی بی تی ئێس، دوو بەرهەمی دیکەی بەناوی 'Lie' و 'Serendipity' وەک بەرهەمی تاکە کەسی بڵاوکردووەتەوە.
 
بی تی ئێس 'بی تی ئێس' گرووپێکی میوزیکی کۆریای باشوورە، لە حەوت ئەندام پێکهاتووە و لە 2010 لە سیئۆل دامەزراوە، ئەندامانی بریتین لە جین، سوگا، ج-هۆپ، ئاڕ ئێم، جیمین، ڤی و یۆنگکوک.
 
یەکەم ئەلبوومی گرووپەکە لە 2013 بەناوی '2Cool 4 Skool ' بڵاوکراوەتەوە، ساڵی دواتر یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی کۆری بەناوی 'Dark & Wild' و یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ژاپۆنی بەناوی 'Wake Up' بڵاوکردەوە، دووەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Wings' لە 2017 بڵاوکردەوە و لەرێگەیەوە ناوبانگی جیهانیان بەدەستهێنا.
 
'بی تی ئێس' یەکەم گرووپی میوزیکی کۆریایە، یەک ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومێکیان بفرۆشرێت و یەکەم گرووپی کۆریایە لە 2020 لەرێگەی گۆرانی 'Dynamite' بەربەژێری خەڵاتی گرامی بێت.
 
ئەو گرووپە براوەی چەندین خەڵاتی میوزیکین، لەوانە شەش خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 12 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد.