هاوەڵی شاجوانی كوردستان: دەمەوێ ببمە بازرگان

رووداو – هەولێر

لە رێوڕەسمی هەڵبژاردنی شاجوانی 2018ی كوردستان ناسناوی هاوەڵی یەكەمی شاجوانی وەرگرت، لە سۆشیالمیدیا خەڵكێك پێیانوابوو كە ئەو شایستەی ناسناوەكەیە و دەبوایە ئەو ببێتە شاجوان. خانەوادەی كارێز بەرزنجی خەڵكی سلێمانین، بەڵام خۆی لە هەولێر لە دایکبووەو گەورەبووە، كارێز لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی پرۆژەكانی و حەز و خولیای خۆی دەكات و دەڵێت "دەمەوێ‌ ببمە بازرگانێكی سەركەوتوو".

رووداو: ئامانجت چی بوو لە بەشداریكردنت لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستان؟

كارێز بەرزنجی: مەبەستم بوو وەك ئافرەتێكی بەهێزی كورد دەربكەوم، هەروەها بەهۆی ناسناوەكەوە چەندین پڕۆژەم ئامادە كردبوو، بەتایبەتی بۆ منداڵان، ئێستاش پڕۆژەكانم دەستپێكردووە. دەمەوێت لە پڕۆژەكانم وەك هاوەڵی شاجوانی كوردستان بەردەوام بم و هاوكاری منداڵانی بێسەرپەرشت بكەم.

رووداو: ماوەی چەند مانگێكە ناسناوی هاوەڵی یەكەمی شاجوانی كوردستانت هەیە، هیچ پڕۆژەیەكت هەبووە؟

كارێز بەرزنجی: بەڵێ، لە چەند رۆژی رابردوو لە شاری هەولێر، بە هاوكاری چەند كۆمپانیایەك پڕۆژەی هاوكاریكردنی منداڵانی بێسەرپەرشتم راگەیاند. دیاری تایبەتمان پێشكەشكردن و ئاهەنگێكی بچووكیشمان بۆ رێكخستن.

رووداو: دیاری و هاوكارییەكانی پێشكەشی منداڵان كران چی بوون؟ چەند منداڵ لێی سوودمەند بوون؟

كارێز بەرزنجی: جلوبەرگ بوون، هەروەها ئاهەنگێكی بچووكمان بۆ سازكردن و گۆرانیمان بۆ گوتن، 50 منداڵ لێی سوودمەند بوون، كە لە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر بوون، من دەمەوێت كارەكانم زیاتر لە بواری منداڵان بێت.

رووداو: خەڵكی هەولێری یان سلێمانی؟

كارێز بەرزنجی: دایكم و باوكم خەڵكی سلێمانین، بەڵام لە هەولێر لە دایكبووم و هەر لە هەولێریش گەورە بووم.

رووداو: لە سۆشیالمیدیا هێرشێكی زۆرت كراوەتە سەر، تەنانەت چەند ڤیدیۆیەكیش بڵاوكراونەتەوە گوایە وێنەی تۆن، تۆ چی دەڵێی سەبارەت بەم هێرشانە؟

كارێز بەرزنجی: بەداخەوە، ئەم ڤیدیۆیانە من نیم، من هیچم بۆ ئەو كەسانە نییە كە هێرش دەكەنە سەرم لە سۆشیالمیدیا، تەنیا پێیاندەڵێم كە من لە هێرشەكانیان ناترسم و بەردەوام دەبم. ئەوانەی لە سۆشیالمیدیا هێرشدەكەنە سەرم كەسانێكن لە ئاستێكی نزمدان، من نامەوێت بێمە ئاستی ئەوان، بەر لەوەی ببمە شاجوان و بێمە نێو پرۆسەكەش، خۆم بۆ ئەم جۆرە هێرشانە ئامادەكردبوو.

رووداو: چیت خوێندووە؟ حەز دەكەی لە داهاتوو ببیتە چی؟

كارێز بەرزنجی: من قوتابی دواقۆناخی ئامادەییم، حەزم دەكەم لە داهاتوودا لە بواری بازرگانی بخوێنم و ببمە خانمە بازرگانێكی كوردی سەركەوتوو.

رووداو: دەگوترێت زۆر نەشتەرگەری جوانكاریت كردووە و بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێ‌؟

كارێز بەرزنجی: نەخێر، نەشتەرگەریم نەكردووە، تەنیا فیلەرم بۆ لێوم كردووە.

رووداو: خۆت بە شایەنی ناسناوی شاجوانی كوردستان دەزانی؟ چونكە بەشێك لە خەڵك لە سۆشیالمیدیا دەیانگوت كارێز شایەنی ناسناوەكەیە؟

كارێز بەرزنجی: من زۆر سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە پاڵپشتی من بوون و منیان بە شایەنی ناسناوەكە دەزانی، منیش خۆم بە شایەنی ناسناوەكە دەزانی و شایەنی ئەوە بووم كە ببمە شاجوانی كوردستان.

رووداو: بەنیازی بەشداری رێوڕەسمی شاجوانی عێراق و دواتریش شاجوانە جیهانییەكان بكەیت؟

كارێز بەرزنجی: بەڵێ، بەنیازم، دەمەوێ بەشداری رێوڕەسمی شاجوانی عێراق و شاجوانە جیهانییەكانیش بكەم.

رووداو: یەكێك لە مەرجەكانی هەڵبژاردنی شاجوانی جیهان دەركەوتنە بە جلوبەرگی سەر دەریا، تۆ ئەم ئامادەییەت تێدایە؟

كارێز بەرزنجی: نا، بە جلوبەرگی سەر دەریا دەرناكەوم.

رووداو: بەردەوام ڤیدیۆ و سناپی خۆت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكەیتەوە، ژمارەیەكی زۆری هەواداریشت هەن، ئەو نامانەی پێت دەگەن باسی چی دەكەن؟

كارێز بەرزنجی: زۆرینەی نامەكان دەستخۆشی و هیوای سەركەوتنن، من لەم رووەوە سوپاسیان دەكەم، هەوادارانم پاڵپشت و پشتگیری منن.

رووداو: لە سۆشیالمیدیا داوای پەیوەندیت لێ ناكەن؟

كارێز بەرزنجی: (بەپێكەنینەوە)، بەڵێ داوای هاوسەرگیریش دەكەن، بەڵام جارێ‌ پلانی شووكردنم نییە.

رووداو: كابانێكی چۆنی؟

كارێز بەرزنجی: باش نیم.