هەژار زەهاوی بەشداری لە پڕۆژەی هەزارو یەک شەو دەکات

19-03-2019
هیوا سەڵاح
A+ A-

رووداو- هەولێر

هەژار زەهاوی، هونەرمەندی کورد، بەشداری لە گەورەترین پڕۆژەی هونەری بەناوی هەزار و یەک شەو دەکات، کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی جیهانی پێشکەشی دەکەن.


لەمبارەییەوە شەهێن سابیر بەرپرسی میدیایی پرۆژەی هەژار زەهاوی بەرووداوی راگەیاند" هونەرمەند هەژار زەهاوی، تاکە هونەرمەندی كوردە، كە بەشداری لەگەورەترین پڕۆژەی هونەری بەناوی هەزارو یەك شەو "الف لیلەو لیلە" دەکات،بۆیە ئێستا لەیەكێك لەباشترین ستۆدیۆكانی بەیروت بەشێك لەكارەكەی تۆماردەكات".


دەربارەی پرۆژەکە هەژار زەهاوی گوتی "ئەو چیرۆكە یەكێكە لەچیرۆكە جیهانییەكان و بۆچوونیشم وایە، زۆركەس لەبارەیەوە دەزانێت، بۆ ئەم پڕۆژەیە زۆر بەپەرۆشم، چونكە وەك كوردێك بەشداری دەكەم و بانگهێشتكراوم، ئەوەش بۆ من و میللەتەكەشم بەشانازی دەزانم، چونكە ئەو كەسانەی كاریان لەگەڵ دەكەم، كەسانی زۆر پڕۆفیشناڵی بوارەكەن و ئەم پڕۆژانەش دەروازەی دیكەی کارکردن لەسەر ئاستی جیهان دەكاتەوە".

هەژار زەهاوی دەشڵێت" لەرێگەی پەیوەندیەكانی خۆمەوە هەوڵمانداوە، كە نوێنەری حكومەتی هەرێم لەكردنەوەی پڕۆژەكە لەمانگی نیساندا بەشداری بكات لە شارقە".

پڕۆژەی "هەزارو یەك شەو" کارێکی ئۆرکێسترایی و نواندن و سەما ئامێزەو لەچەند نەتەوەی جیاوازی جیھانەوە بەشداری تێدادەکەن، بڕیارە لە رۆژی 23تاوەکو 27ی مانگی نیسان لە شارقە-ی وڵاتی ئیمارات پێشكەش بکرێت، کە لەلایەن كۆمپانیای "7Doigts"ی وڵاتی كەنەدا بەرهەمدەهێندرێت و بودجەی پڕۆژەكەش لەلایەن میری شارقەوە دابینكراوە، هەروەها هەریەك لە "كۆنداکتەر"ی بەناوبانگی ئەرمەنی لوبنانی "ھاروت فەیزیلان"، هەروەها "ماكس لێۆن"ی کەنەدی كۆمپۆزەری كارەكەیە،"سباستیان سۆلدیڤیلا"ی كەنەدی فەڕەنسی کاری دەرھێنانی بۆ دەکات و "كەسلین گاگۆنۆن"یش سەرپەرشتیاری پرۆژەكەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە