بەڵگەفیلمێک لەبارەی کچە شەڕڤانەکانی کۆبانی لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین لە پێشبڕکێدایە

رووداو دیجیتاڵ

پۆستەری ئینگلیزیی به‌ڵگه‌فیلمی 'دەروازەی خەونەکان' لە دەرهێنانی نێگین ئەحمەدی و له‌ بەرهەمهێنانی ئیلاهه‌ نه‌وبەخت، هاوکات لەگەڵ به‌شداری له‌ بەشی رکابه‌ریی 'نەوەکان'ـی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین بڵاوکرایەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی فیلمی 'دەروازەی خەونەکان' بە بەرپرسیاریەتی مەنسوور جیهانی کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، تێیدا هاتووە: 'دەروازەی خەونەکان' لە دەرهێنانی نگین ئەحمەدی، فیلمسازی کورد، لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا و پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی بەشی 'نەوەکان' دەکات.
 
پۆستەری ئینگلیزیی فیلمەکە به‌ وێنەیه‌کی کچانی جەنگاوەری کۆبانێ لە خه‌بات دژی داعش؛ لە لایەن ئیحسان بەرئابادی بۆ بەشداریکردن لە بەرلیناله‌ دیزاین و داڕشتنی بۆ کراوە و بە ئامانجی ئاشناکردنی بینەران له‌گه‌ڵ ئەم به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ بڵاوکراوەتەوە.
 
بەرهەمهێنانی فیلمەکە زیاتر لە شەش ساڵی خایاندووە، چیرۆکی کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێڕاکەی دەچێتە ناو کچە شەڕڤانەکانی کۆبانییەوە؛ کچانێک کە نە تەنیا لە دژی داعش، بەڵکوو بۆ جیهانی خۆیانیش شۆڕشیان کردووە.
 
ئەمجارە، خودی فیلمساز و کامێراکەی لە رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ جیهانی دەورووبەری ژنانی خەباتکار و ئەو بایخانەی هاوڕێی دەبن کە شەڕی بۆ دەکەن.  
 
بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە، لە ئەستۆی رێکخراوەی سینەمایی 'تەسویر گوستەر ئیلاهەی پارسی' بە بەرپرسیارییەتی ئیلاهە نەوبەختەیە.
 
ئەمە سێیەمین ئامادەبوونی ئیلاهە نەوبەخت وەکوو بەرهەمهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین هەژمار دەکرێت؛ لە 2022 بە فیلمی سینەمایی 'رۆژی سێو' لە دەرهێنانی مەحموود غەفاری لە بەرلینالە ئامادەبوو. 
 
73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی نەوەکان، بەشی پێشبڕکێی فۆڕم، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پانۆڕاما، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی نمایشی سینەمای کلاسیک، لە رۆژانی 16 تاوەکو 26ـی شوباتی 2023 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.