فیلمێک لەبارەی کچانی رزگاربووی دەستی داعش لە سینەماکانی هۆڵەندا پێشاندەدرێت

19-02-2023
پەسار فایەق
پۆستەری بەڵگەفیلمی 'کچانی خۆر'
پۆستەری بەڵگەفیلمی 'کچانی خۆر'
نیشانەکردن 'کچانی خۆر' رێبەر دۆسکی 'Daughters of the Sun'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'Daughters of the Sun' یاخود 'کچانی خۆر'، بەڵگەفیلمێکی کوردییە لەبارەی کچانی کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش، بڕیارە مانگی داهاتوو لە سینەماکانی هۆڵەندا پێشانبدرێت.
 
بەڵگەفیلمەکە لە دەرهێنانی رێبەر دۆسکییە و ماوەکەی 74 خولەکە و رۆی ڤان ئیگمۆند کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە.
 
رێبەر دۆسکی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فیلمەکەی لە 30ـی ئازاری 2023 لە 18 سینەمای هۆڵەندا پێشاندەدرێت و بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت. گوتیشی، شەش کچی بەشداربوو لەم بەرهەمەدا لە پێشاندانی ئەم بەرهەمە ئامادە دەبن و دواتر گفتوگۆی لەبارەیەوە دەکرێت.
 
روونیشیکردەوە، ئەم مژارە بۆ ئەوروپییەکان زۆر گرنگە، بەتایبەت کە کۆمەڵکوژییەکە بەم دواییە کراوە و ئەو کچانەی لەم بەرهەمەدا بەشدار دەبن، لە نێو ئەو رووداوەدا بوونە، کەسانی سیاسی و دادوەر دەیانەوێت ئەم بەرهەمە ببینن.
 
کچانی کوردی ئێزدییە گەنج و منداڵ، کاتێک لە شنگال رفێندران، بە شێوەیەکی دڕندانە لە ماڵباتەکانیان جیاکرانەوە، بە زۆر کران بە موسڵمان و دەستدرێژی سێکیان کراوەتە سەر، لە دوای رزگاربوونیان گەڕوانەتەوە نێو کۆمەڵگە، بەڵام دیار نییە ئەوان دەتوانن ژیانێکی نوێ دەستپێبکەنەوە یاخود نا، ئەمە ناوەڕۆکی بەڵگەفیلمەکەدایە.
 
رێبەر دۆسکی، لە 1975 لە دهۆکی باشووری کوردستان لە دایکبووە، لە هۆڵەندا دەژی و خوێندنی لە بواری دەرهێنانی فیلم لە ئەکادیمیای فیلم لە ئەمستردام خوێندووە، یەکەم بەڵگەفیلمی بەناوی 'The Call' لە 2013 بەرهەمهێناوە و ساڵی دواتر کۆمپانیای بەرهەمهێنانی تایبەت بە خۆی بەناوی 'ئادار فیلم' داناوە.
 
ئەو دەرهێنەرە کوردە لە 2015 بەڵگەفیلمی 'The Sniper Of Kobani' بەرهەمهێناوە، لە 2016 بەڵگەفیلمی 'رادیۆی کۆبانێ'ـی بەدەستهێنا و ئەم بەرهەمە خەڵاتی 'IDFA' لە هۆڵەندا بەدەستهێنا، جگە لە چەندین خەڵاتی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا و لە 2017 بەڵگەفیلمی 'Meryem'ـی بڵاوکردووەتەوە.
 
یەکێکی دیکە لە فیلمەکانی دۆسکی، فیلمی 'سدیق و پڵنگ'ـە کە لە 2019 بەرهەمهاتووە و باس لە کەسێکی دانیشتووی دەڤەری بارزان بەناوی مەحەممەد سدیق بارزانی دەکات، ماوەی 25 ساڵ بە دوای پڵنگ لە دەرڤەری بارزان دەگەڕێت و دواجار ئەو ئاواتەی بە دی دێت و پڵینگ لەو دەڤەرە دەبینێت، ئەم بەرهەمە لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵتیدا بەشداربووە و چەند خەڵاتێکیشی بەدەستهێناوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە