کەرنەڤاڵی ساڵانەی نیس دەستیپێکرد

 رووداو - نیس 

یەکێک لە گەورەترین و بەناوبانگترین کەرنەڤاڵەکانی جیهان، ساڵانە لە شاری نیس لە فەرەنسا ئەنجامدەدرێت و بۆ ماوەی دوو هەفەتە بەردەوام دەبێت.

بە هەزاران کەس نەک تەنیا لە فەرەنسا، بەڵکو لە سەرانسەری ئەوروپا بۆ بەشداربوون لەم کەرنەڤاڵە، روودەکەنە شاری نیس.

نیکۆلی، گەشتیارێکە کە بەشداری لە کەرنەڤاڵەکە کردووە و دەڵێ "لەگەڵ هاوڕێیەکم هاتووم. ئەمە زۆر بەناوبانگە و جوانیشە، زۆر سەرنجڕاکێشە، کەرنەڤاڵی نیس ئەفسووناوییە".

هەرچەندە ئەمساڵ لەکاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا کەشوهەوا باراناوی بوو، بەڵام ئەمە نەبووە رێگر لەوەی بە دەیان چالاکی جۆراوجۆر لە فێستیڤاڵەکە ئەنجامبدرێن وەکو ژەنینی میوزیک و سەماکردن و شانۆ و چالاکی دیکەی جۆراوجۆر.

نیکۆلی هەروەها دەڵێ "زۆر نایابە، هەرچەندە خۆرەتاو نییە و خۆر بەدەرەوە نییە، بەڵام تیشکی خۆر لەنێو رۆحماندایە، ئێمە خۆر دێنین و لە شوێنی دیکەش دەردەکەوێت".

ساڵانە ئەم کەرنەڤاڵە لە شاری نیس لە مانگی شوبات ئەنجامدەدرێت و هەزاران کەس بەشداری تێدا دەکەن و فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوامدەبێت. مێژووی کەرنەڤاڵەکە بۆ سەرەتاکانی سەدەی یازدەیەمی زایینی دەگەڕێتەوە و تاوەکو ئێستا چەندین گۆڕانکاری تێدا ئەنجامدراوە و، ئامانجی سەرەکی کەرنەڤاڵەکەش بەسەربردنی کاتێکی خۆشە.
 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار