رووداو- هەولێر
شەوی 18-2-2017 لیژنەی دادوەری خولی 67 مین فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە، لە مەڕاسیمێکی بەرفراواندا ناوی تەواوی فیلم و ئەکتەرەکانی براوەی خەڵاتی ورچی زێرین و زیوی بڵاوکردەوە، تۆڕی میدیایی رووداویش هەر لەدەستپێکی فێستیڤاڵەکە رووماڵێکی بەرفراوانی بۆ ئەم فێستیڤاڵە کردووە.
لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە،لەسەر ستێجی مەڕاسیمەکەدا ناوی براوەکانی ئاشکرا کرد، خەڵاتی ورچی زێرین، درا بە دەرهێنەری هەنگاری ئێلدیکۆ ئینیدی، لە فیلمی On Body and Soul ، هەروەها خەڵاتی ورچی زیوی لێژنەی دادوەری درا بە ئەلین گۆمیز، دەرهێنەر فیلمی FELICITE، کە یەکێک بوو لە خەڵاتە گرنگەکانی فێستیڤاڵ.
هەر لەم چوارچێوەی مەڕاسیمی دابەشكردنی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە، خەڵاتی ورچی زیوی بۆ باشترین دەرهێنەر درا بە ئاکی کوریسماکی، لە فیلمی the other side of hope، کە فیلمێکی فینلاندییەو باس لە کۆچبەرێکی سووری دەکات.
لە بەشێکی دیکەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ و باشترین ئەکتەری پیاو دابەشکرا، کە خانمە ئەکتەری کۆری کیم مین هی، خەڵاتی ورچی زیوی وەک باشترین ئەکتەری کچ وەرگرت، هەروەها خەڵاتی ورچی زیوی بۆ باشترین ئەکتەری پیاو، درا بە جۆرج فریدریک.
فیلمی fantastic woman لە دەرهێنانی سبستیان لیلیۆ خەڵاتی باشترین سیناریۆی وەرگرت و رائید ئەندونی دەرهێنەری فەڵەستینی خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری پێشكەشکرا.
هەروەها خەڵاتی باشترین بەشداری هونەری درا بە فیلمی رۆمانی mon amour Ana کە کالین پیتەر نیتزیر خەڵاتەکەی وەرگرت.
فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە لە رۆژی 9ی شوبات دەستی بەکارەکان کردوو تاوکو 19ی شوبات بەردەوام بوو، کە 400 فیلم لە ماوەی ئەم 10 رۆژە نمایشکران و تەنیا 18 فیلم کێبڕکێی وەرگرتنی خەڵاتیان دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ