لە لەندەن پێشاندانی تایبەتی نوێترین فیلمی ستیڤن سپیلبێرگ بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
'The Fabelmans' نوێترین فیلمی ستیڤن سپیلبێرگ، دەرهێنەری ئەمریکییە و پێشاندانی تایبەتی لە لەندەنی بەریتانیا بۆ کرا و بڕیارە لە 27 ئەم مانگە لە سینەماکانی بەریتانیا پێشانبدرێت.
ئەم بەرهەمە سینەماییە بەم دواییە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی وەک باشترین فیلم وەرگرت و باشترین دەرهێنەر وەرگرت.
فیلمە نوێیەکەی سپیلبێرگ، لە 11 تشرینی دووەمی 2022 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندرا و لە 26 هەمان مانگ لە بەشێک لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوکرایەوە.
ماوەی فیلمەکە 151 خولەکە و باس لە گەنجێک دەکات کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەم لە ئاریزۆنای ئەمریکا ژیاوە، نهێنییەکی ترسناک لەبارەی ماڵباتەکەی ئاشکرا دەکات و توانای سینەما لە گەیشتن بە راستییەکان دەخاتەڕوو.
ئەم بەرهەمە فیلمێکی نیچمە بایۆگرافییە لەبارەی ساڵانی دەستپێکی کاری دەرهێنەری سپێلبێرگ، ئەو دەرهینەرە فیلمەکەی پێشکێش بە باوکی ئاڕنۆڵد سپیلبێرگ و دایکی لیا ئادلەر کردووە.
یەکەم نمایشی 'The Fabelmans' لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ بوو و توانی خەڵاتی بینەران بەدەست بێنێت.
ستیڤن سپیلبێرگ، بە یەکێک لە کاریگەرترین فلیمسازان لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت و 14 جار بەربژیری خەڵاتی ئۆسکار بووە و دوو جار بەدەستی هێناوە، جگە لە کاری دەرهێنەری، نووسەر و بەرهەمهێنەریشە، لە فیلمە بەناوبانگەکانی 'E.T.: The Extra-Terrestrial'، 'Schindler's List'، 'Saving Private Ryan'، 'Bridge of Spies'، 'Jaws' و ' Jurassic Park'.