ئەیوب عەلی شەوە ئاهەنگێک لە هەولێر سازدەکات

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند ئەیوب عەلی، لە 2022ـەوە لە بەریتانیاوە گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و چەندین چالاکی هەبووە و بڕیارە شەوە ئاهەنگێک لە هەولێر سازبکات.
 
ریمۆند عەبوود، رێکخەری شەوە ئاهەنگەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ جاری دووەم شەوە ئاهەنگێک بۆ هونەرمەند ئەیوب عەلی سازدەکەن و بڕیارە کاژێر 9:00ـی شەوی سبەی هەینی 20ـی کانوونی دووەمی 2023 سازبکرێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە شەوە ئاهەنگەکەدا گوڵبژێرێک لە گۆرانییە کۆن و نوێیەکانی پێشکێش بە هەوادارانی دەکات.
 
هونەرمەند ئەیوب عەلی بۆ ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی هونەری ماوەیەکە بە سەردانێک لە باشووری کوردستانە و لە 13 تشرینی یەکەمی 2022، پەیمانگە هونەرە جوانەکانی هەولێر، رێوڕەسمێکی رێزلێنانی بۆ سازکرد و خەڵاتی رێزلێنانی پەیمانگەی پێبەخشرا.
 
ئەیوب عەلی لە 1973 لە سەنگاو لە دایکبووە، لە 1998 بڕواننامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری میکانیک لە زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە، لە قۆناغی زانکۆدا چالاکییەکانی لەبواری میوزیک و گۆرانی دەستپێکرد، لە ساڵانی 1995- 1998 لە رادیۆ کوردییەکان گۆرانی تۆمارکردووە، لە 1999 کوردستانی جێھێشت و لە بەریتانیا نیشتەجێبووە.
 
ئەیوب عەلی خاوەن حەوت ئەلبوومی گۆرانییە، 'دڵم مەشکێنە' لە 2003، 'خەمێکی بێ کۆتایی' لە 2004، 'ماڵئاوایی' لە 2006، 'مۆم' لە 2009، 'ئەلبوومێکی بێ ناونیشان' لە 2011، 'بێ سنوور' لە 2014 و 'پەیکەر' لە 2021.
 
جگە لە ئەلبووم چەند گۆرانییەکی تاکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'کوردم' لە 2015، 'تریفەی پێکەنین' لە 2015، 'بەڵێ عاشقم' لە 2019 کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا و 'نامەکانت' لە 2020، نوێترین بەرهەمیشی، ڤیدیۆکلیپێکە بەناوی 'چۆڵەکە' کە لە 20ـی ئابی 2022 بڵاوکرایەوە.