رووداو دیجیتاڵ
لە دوای دواخستنی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی گرامی، رێکخەرانی بڕیاریاندا خولی ئەمساڵی لە لۆس ئەنجلسەوە بۆ لاس ڤێگەس بگوازنەوە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ئۆمیکرۆن، جۆری گۆڕاوی کۆرۆنا لە ئەمریکا، پێشتر رێکخەرانی بەخشینی خەڵاتی گرامی، بڕیاریاندا رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە 31-1-2022 بۆ 3-4-2022 دوابخرێت، دوێنی سێشەممە 19-1-2022 شوێنی بەخشینی خەڵاتەکەشیان گۆڕی.
هۆکاری گواستنەوەی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی گرامی بۆ 2022، بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە لە لۆس ئەنجلس ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی تووشی کۆرۆنا بوونە.
دوو ساڵە بەسەر یەکەوە کۆرۆنا بەخشینی خەڵاتەکانی گرامی دوادەخات و رێکخەرانی ناچار دەکات کاتی بەڕێوەچوونی بگۆڕن، ئەمساڵ بە ناچاری بڕیاری گواستنەوەی شوێنی بەرێوەچوونیشیان دا.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری زۆری لەسەر بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ و رێوڕەسمە هونەرییەکان لە جیهاندا هەبوو، بەشێکی زۆریان دوادەخرێن و بەشێکیشیان بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچن.
گرامی، یەکێک لە چوار گرنگترین خەڵاتەکانی میوزیکییە لەسەر ئاستی ئەمریکا، لەلایەن ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ تۆماری هونەر و زانست دەبەخشرێت، یەکەم خولی بەخشینی خەڵاتەکە لە 1959 بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ