نیوەی جیهان لە یوتیوب تەماشای "ماشا و ورچەکە"یان کردووە


رووداو - هەولێر

ڤیدیۆیەکی فیلم کارتۆنی رووسی "ماشا و ورچەکە" بە 3.4 ملیار بینین بووەتە پڕ بینەرترین فیلم کارتۆن/ ئەنیمەیشن لە یوتیوب و ریکۆردی جیهانیی شکاندووە.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی کۆمپانیای ئانیماکۆردی دەرهێنەری فیلمی کارتۆنی "ماشا و ورچەکە" رایگەیاند "ئەڵقەیەکی ماشا و شۆربا چووە کتێبی گینیسەوە بۆ پێوەرە جیهانییەکان و بووە پڕ بینەرترین لە یوتیوب".

بەو تۆمارە هەڵقەی ماشا و شۆربا بووە تاکە فیلمی کارتۆن کە دەگاتە ئاستی پێنج پڕ بینەرترین ڤیدیۆ لە مێژووی یوتیوبدا.

یەکەم ئەڵقەی فیلم کارتۆنی ماشا و ورچەکە لە ساڵی 2009 پەخشکرا. تاوەکو ئێستا لە ئاستی جیهان جێگەی خۆی کردووەتەوە و بە 36 زمان و لە زیاتر لە 100 وڵات پەخشدەکرێ و تێکڕای بینینی ڤیدیۆکانی ئەم کارتۆنە لە یوتیوب گەیشتووەتە 42 ملیار بینین.