بۆچوونی هونەرمەندانی سووری لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەیان
رووداو دیجیتاڵ
هیبا و محەممەد دوو دەرهێنەری سوورین، بۆ فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە جەددەی سعودیەن، بەڵام ئەو رووداوە مێژووییەی لە وڵاتەکەیان روویداوە هەموو بیر و هۆشی ئەوانی بە لای خۆیدا بردووە.
هیبا خالید، دەرهێنەری بەڵگە فیلمە و خەڵکی دیمەشقە، شەڕ و ناسەقامگیری سووریا 10 ساڵ دەبێت ئەوی کردووەتە پەنابەر لە ئەڵمانیا.
هیبا خالید، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو ماوەیەی گۆڕانکاری روویداوە کەمێک سەخت دەبێت، زیاتر لە وێنەگرتنی بەڵگەفیلم بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکان و پێشاندانی بە جیهان، بێبەش دەبین، بەڵام پیرۆزبایی لە هەر کەسێک دەکەم کە بە رووخانی رژێم خۆشحاڵە و ئەوەی دەمێکە چاوەڕێی ئەو کاتەیە، ئەوە جوانترین ساتی ژیانمانە و هەموومان دڵخۆشین".
محەممەد ئەغیەد، تەمەن 26 ساڵە و ماڵباتەکەی خەڵکی حومسن، باوکی بەر لە پێنج مانگ لە سعودیە بە حەسرەتی بینینەوەی سووریاوە کۆچی دوایی کردووە.
محەممەد ئەغیەد، دەرهێنەری سووری، بە رووداوی راگەیاند: "من یەکەم کەس دەبم دەڕۆمەوە سووریا، دەمەوێ ئاوەدانی بکەمەوە، ئەوە وڵاتی منە لە کۆتاییدا کەمترین شت بتوانم بۆی بکەم هونەرە و ئەزموونی هەموومان بدەینەوە بە وڵاتەکەم، بیگەێنینە ئاستێکی بەرزتر و لە رێگەی هونەر یان رۆشنبیری ئاوەدانی بکەینەوە".
لە دوای 2011 پیشەسازی سینەما و درامای سووری و هەر کایەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە سست و لاوازی تێکەوت، ئەوەی مایەی سەرنج بوو بۆ بەرهەمە سینەمایی و دراماییەکان، تەنیا ئاوارەبوون، توندوتیژی و لەدەستدانبوون بوو.
بە بڕوای دەرهێنەر و سینەماکارانی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی، لەم قۆناخە هەستیار و گرنگەی ئێستای سووریا، سینەماکارانی سووری بەرپرسیارییەتیان هەیە.
سابرین عەلی، چیرۆکنووسی سعودی، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەک بەرهەمهێنەری فیلم و چیرۆک کۆکەرەوە، ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە، من بەرپرسم کە گوێ لە چیرۆکەکان بگرم و شایەتیی خەڵک بگرم، ئەوانەی پێشتر نەیاندەتوانی قسە بکەن و چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە، چونکە ژیانیان دەکەوتە نێو مەترسییەوە".
عومەر عەبدی، دەرهێنەری میسری دەڵێت: "لێرە لە سعودیە هاوڕێی سووری زۆرمان هەن، لە جەددە و لە ریاز، بە بروای من ئێستا دەرفەتێکی باشیان لەبەردەمە، ئەو چیرۆکانە بگێڕنەوە بۆ جیهان کە نەگێڕدراونەتەوە".
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور هاوکات بوو لەگەڵ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، بە گوێرەی سندووقی متمانەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا لە دوای 2011 لە سەتا 80ـی سینەماکانی ئەو وڵاتە لە ئەنجامی شەڕ و بۆردوومان داخراون یا رووخاون، دوو ملیۆن سووری بوونەتە ئاوارە و پەنابەر و بێ ماڵ و حاڵ بوونە، بەشی زۆریان دەرهێنەر و سینەماکاران.