رووداو دیجیتاڵ
هەژار زەهاوی میوزسیانی کورد، نوێترین بەرهەمی هونەریی خۆی بەناوی 'Wake up Ur' بڵاودەکاتەوە، بۆ یەکەمجار بەرهەمەکەی لە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە کە لە یەکێک لە دێرینترین شاری مێژوویی عێراق بەرهەمهێندراوە.
'Wake up Ur' دیاریی هونەرمەند هەژار زەهاوی، میوزیسیانی کوردە بۆ ساڵی 2022 و بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە ئەو بەرهەمە بڵاوکرایەوە، دواتر لە رێگەی چەناڵی زەهاوی میوزیک هاوس لە یوتیوب بڵاوبووەوە.
هەژار زەهاوی بە رووداوی راگەیاند، "نوێترین بەرهەمم ناوی (Wake up Ur)ە، وەکو ڤیدیۆ کلیپ لە شاری ئووری مێژوویی لە عێراق وێنەگیراوە، بۆ جاری یەکەمە ڤیدیۆ کلیپێک لەو شارە وێنە دەگیرێت، بنار کامیل کاری دەرهێنانی بۆ کردووە".
ئوور شارێکی کۆنی بەنێوبانگی سۆمەرییەکان بووە، 16 کیلۆمەتر لە خوارووی شاری ناسریەیە لە عێراق و هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا بونیاتنراوە.
تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری بەرهەمەکەی زەهاویی کردووە، زەهاویش سوپاسی رووداو دەکات بۆ سپۆنسەرکردنی ئەو بەرهەمەی.
ئەو میوزیسیانە کوردە لە رێگەی رووداوەوە سوپاسی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و پارێزگاری بەسرە دەکات بۆ مۆڵەتی وێنەگرتنی ڤیدیۆ کلیپەکە و ئەو ئاسانکارییەی کە بۆ وێنەگرتنی بەرهەمەکەی بۆی کردوون.
هەژار زەهاوی لە 04-11-2021، بە کۆنسێرتێک کە هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون، دامەزراندنی ماڵی میوزیکی زەهاویی لە هەولێر راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵە پاڵپشتیی دارایی ئەو ماڵە دەکات و رووداو سپۆنسەری کۆنسێرتەکە بووە.
زەهاوی دامەزرێنەری گرووپی نیشتمانە کە لەلایەن رووداو چالاکییەکانی سپۆنسەر دەکرێن و شەش ئەندامی هەیە، خاوەنی چەندین بەرهەمە و لە چەندین فیستیڤاڵی جیهانیدا میوزیکی کوردیی پێشکێش کردووە.
لە ساڵی 2014 تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمێکی لەبارەی ئەو هونەرمەندە کوردە بەناوی 'هەژار زەهاوی' بەرهەمهێناوە و لە لەندەن و هەولێر وێنە گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ