'رۆژی حەوتەم' لە 15 فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمدا بەشداربووە

رووداو دیجیتاڵ 

'رۆژی حەوتەم' کورتە فیلمێکی کوردییە و لە نووسین و دەرهێنانی بیلال سەلاحە و لە 23یەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زیمبابۆی بەشداربوو.
 
فیلمەکە بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیانە و بە هاوکاری رۆشنبیری خانەقین و ماڵی رووناکبیری شەهید سەلام بەرهەمهێنراوە، تاوەکو ئێستا بەشداری لە 15 فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا کردووە.
 
فیلمەکە بەرهەمی 2021ـە و لە ژانری درامییە، چیرۆکەکەی باس لە نەبوونی هۆڵی سینەما دەکات، لە ساڵڕۆژی جیهانی سینەمادا گەنجێک دەیەوێت فیلمێکی سینەمایی نمایش بکات، بەڵام هیچ شوێنێکی دەست ناکەوێت، هاوکات کەس لە دابینکردنی هۆڵێک هاوکاری ناکات بۆ بەرزراگرتنی ئەو رۆژە جیهانییە.
 
بیلال سەلاح بە رووداوی راگەیاند، ماوەی پێنج رۆژ لە خانەقین وێنەگرتنی فیلمەکە بەڕێوەچوو، هەروەها بۆ خزمەتکردنی چیرۆکەکە و دروستکردنی دۆخێک کە رۆڵی گرنگ لە گواستنەوەی چیرۆکەکە بۆ وێنە ببینێت، کۆمەڵێک لۆکەیشنی جیاوازی خانەقینیان بەکارهاتووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە کەرستە و بودجەیەکی کەم و ستافێکی بچووک فیلمەکەیان بەرهەمهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیان فیلمەکە بەرهەمبێنن و تاوەکو ئێستا لە 15 فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداربووە.
 
ئەم بەرهەمە لە دیداری سینەمایی لە باشوری کوردستان، فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە باشووری کوردستان و فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە یۆتۆبۆری لە سوێد پێشاندراوە.
 
بیلال سەلاح، لە 1996 لە کەلار لە دایکبووە، دەرچووی بەشی سینەمای زانکۆی سەلاحەدینە، ئەزموونی نواندن و دەرهێنانی له کۆمەڵێک کورتە فیلم و زنجیرەدا هەیە، 'رۆژی حەوتەم' یەکەم بەرهەمیەتی لە دوای پرۆسەی خوێندنی.