فەرزاد مەهدی نیا و دنیا رۆستەمی بەرهەمێکی دوێت بڵاودەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ

هەردوو هونەرمەند، فەرزاد مەهدی نیا و دنیا رۆستەمی، بەرهەمێکی دوێت بە شێوەزاری هەورامی بەناوی "یاری شیرینم" بڵاودەکەنەوە.
 
فەرزاد مەهدی نیا، بە رووداوی راگەیاند، "یاری شیرینم" بەرهەمێکی هەورامییە و بە شێوەی دوێت لەگەڵ دنیا رۆستەمی تۆماری کردووە. گوتیشی، میلۆدی گۆرانییەکە فۆلکلۆرە و حوسێن خۆرا شیعرەکەی نووسیوە، دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن کەسرا کاوە کراوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لەلایەن سەیوان فەتحی کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و لە شاری نۆتشەی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراوە، لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
فەرزاد مەهدی نیا، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرە، لە گوندی ژیوار لەدایکبووە کە دەکەوێتە هەورامان لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 2003یەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، لە 2017 لە بەرنامەیەکی پێشبڕکێی بەهرەمەندان لە کوردستان بەشداربوو و ناوبانگی بەدەستهێنا و لە 2019ـەوە لە سوێد دەژی.
 
ئەو هونەرمەندە هەردوو ئامێری تار و ساز دەژەنێت و کار بۆ زیندووکردنەوە و پاراستنی فۆلکلۆری ناوچەی هەورامان دەکات و بە نۆتە تۆماریان دەکاتەوە.
 
فەرزاد مێهدی نیا، پێشتر لە نۆیەمین فیستیڤاڵی میوزیکی لە شاری بۆروجێن پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و لە فیستیڤاڵی بۆروجێن-ئێران 2015 میدالیای گەورەی زێڕی بەدەستهێناوە.
 
"هەوارو سانی" یەکەم ئەلبوومیەتی و لەلایەن رێباز سادقەوە کاری بۆ کراوە و لە 2021 بڵاوکراوەتەوە، دووەمین ئەلبوومی بەناوی "هەوارو یارا" و لەلایەن ژمارەیەک میوزسیانی مهاباد و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کاری بۆ کراوە و لە 2022 بڵاوکراوەتەوە.